بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت ، بازاڕی چەک لە گەرمیانیش دادەخرێت
به فەرمانی سەرۆکی حکومەت و لەسەر راسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ رێگری لە دیاردەی چەكهەڵگرتن، ئێوارەی ئەمڕۆ 30/6/2022، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان کۆبووەوە و لەو بارەوە چەند بڕیارێك دران.
لە کۆبووەنەکەدا، جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری تایبەت بەرێگری لە دیاردەی چەکهەڵگرتن، لە قەزا و ناحیەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، رێکاری پێویست دەگرینەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش دەزگا ئەمنیەکان ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و مامەڵەکردن بە چەکەوە تاوتوێکران و بۆ ئەو مەبەستە ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:
- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ئەندامێتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی بەرگری، فریاکەوتن، هاتوچۆی گەرمیان و نوێنەری هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکە.
- داخستنی سەرجەم ئەو دوکان و شوێنانەی چەکی بێ مۆڵەت و مۆڵەتدار دەفرۆشن.