سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ شەممە 23ی تەممووزی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە خەمیس ئەلخەنجەر، سەرۆکی ھاوپەیمانیی سیادە ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەكە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تاوتوو کران. جەخت لە پێویستی و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرایەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوە دا کە دەرفەت ھەیە بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکان و لە نێویاندا، کێشەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی نەوت و گاز لە رێگەی تەشریعکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، کە لە بەرژەوەندیی ھەموو پێکھاتە جیاوازەکان و ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ، بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
Back to top button