وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پارێزگای هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێیان له‌باره‌ی زێده‌ڕۆیی ده‌ركرد

ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 07ـی 2022 لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە زێدەڕۆیی ئەنجام درا.

 

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بەسەرپەرشتى ڕێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگارى لە سەر داواکارى وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێم ئەنجام درا و لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى ناوخۆ دووپاتى کردەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داواى وەزارەتى ناوخۆیە و تایبەتە بەو زێدەڕۆییانەى کە ئەنجام دەدرێت، هەست دەکرێت زیدەڕۆییەکان ڕوو لەهەڵکشانە و ئەو پرسەش بۆتە مایەى نیگەرانى رێزدار سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان.

 

ڕاشیگەیاند: هەر لە کۆبوونەوەکە وەزیرى ناوخۆ پۆلێنکردنى جۆرەکانى زێدەڕۆیی بەمشێوەیە دیاری کرد:-

 

1- زێدەڕۆیی لەسەر موحەرەماتى شەقام، بەتایبەتى ڕێگاکانى دەرەوەى شار کە قوربانى زۆرى لێکەوتۆتەوە.

 

2- زێدەڕۆیى لەسەر بۆرى نەوت، بەتایبەتى لەناو ئەو مەزرەعانەى کە دەکەونە سەر ڕێگەى ئەو بۆڕیانە.

 

3- زێدەڕۆیی لە سەر ڕێڕەوى ئاو کە بۆتە هۆى دروستبوونى کارەسات.

 

لەمبارەیەشەوە ڕایگەیاند: نابێت بەرپرسانى ئیداریى خۆیان لەو بەرپرسیاریەتیە ڕاستەقینە بەدەربگرن، سەرجەم دام و دەزگاکانى حکوومەت بەرپرسن لە ڕێگریکردن لەو زێدەڕۆیانەى لەسنوورى ئیدارەى ئەوان دەکرێت. هەروەها جەختى لەوەشکردەوە کە پێویستە لەزوترین کات چارەسەرى ئەم کێشانە دیاری بکرێت، ئەویش بەمشێوەیە:-

 

1- لێژنەیەک لە هێزەکانى (ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیس) پێک بهێنرێت، هەر زێدەڕۆییەک لەسەر بۆرى نەوت کرابێ کە شادەمارى ئابوورى هەرێمى کوردستان لایەنى سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە و ئەو زێدەڕۆییانە لاببرێت.

 

2- هەمان لیژنە بەیاوەرى پۆلیسى هاتووچۆ، چارەسەرى هەموو ئەوزێدەڕۆییانە بکات کە کراوەتە سەر شەقامى دەوڵەت، بەتایبەتى ئەوانەى لە شەقامە سەرەکیەکان ئەنجام دراوە.

 

3- پیێویستە لەپارێزگاى هەولێر تیمێکى تایبەت پێک بهێنرێت، بە هەماهەنگى لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان، هەر سەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى بدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى ڕێگەی بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

 

4- زیدەڕۆیی لەسەر ڕێرەوى سەرەکى و فەرعییەکانى ئاو بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە و بەهەموو شێوەیەک پێویستە چارەسەر بکرێت، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ دروستبوونى لافا و نانەوەى کارەسات.

 

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەکە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پاڵپشتى وتەکانى وەزیرى ناوخۆ و کۆکبوونى لەگەڵ خاڵەکان. هاوکات ڕوونی کردەوە، زۆرجار کێشە و گیروگرفت و ئاستەنگى چاوەروان نەکراو دێنە پێش، بە جۆرێک دەبنە ڕێگر لەبەردەم چارەسەرییەکان، بۆیە پێویستە زەمینە خۆشکردن و بەردەستخستنى کەرەستەى مادى و مەعنەوى فەرهام بکرێ، تاکو دەستکراوەبین لەبەردەم رێگریکردن لەهەموو جۆرە زێدەڕۆییەک.

 

ئاماژەی بەوەش دا کە لەلایەن ئامادەبووانەوە سەرنج و تێبینى و ئالیەتى چارەسەرکردنى گونجاو خرایەڕوو، ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکان، کە لەبەرژەوەندى گشتیى هاووڵاتییان و باڵادەستى یاسایى لێ ڕەنگ دەداتەوە.

Back to top button