چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێ لە ترسی خۆپیشاندانەكەی رەوتی سەدر، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ببەنە سلێمانی

بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەی پەرلەمانییەوە دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردۆتەوە كە پەیوەندی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ببرێتە سلێمانی، پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش رای دەگەیەنێت كە ئەمە دۆخەكە چارەسەر ناكات.

لەمبارەیەوە سیپان عەزیز، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، دەستوور ڕێگەی داوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی هەر دۆخێکەوە بێت ببرێتە شوێنی دیکە، بەڵام ئەویش ڕێوشوێنی خۆی هەیە، جگە لەوەی ئێستا ئەم كارە چارەسەری دۆخی عێراق ناکات.

ئەو پەرلەمانتاری پارتی گوتیشی: دەکرێ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە شارەکانی دیکەی عێراق، یان هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام ئەو پێشنیازە نابێتە هۆی چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە دۆخی عێراق مەترسیدارە و بە گواستنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە چارەسەر نابێت، ئەوەی یەک رۆژ بچێتە باشووری عێراق، تێ دەگات لەوەی ئەو خەڵکە بۆ خۆپیشاندان دەکات و ناڕازییە، لەبەرئەوە چارەسەر ئەوە نییە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ببرێتە شاری دیکە، چونکە ئەوەی هەیە، کۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لەژێر پرسیاری گەورەدایە، کە دەبێت وەڵام بدرێتەوە.

Back to top button