سەرۆک بارزانی :تا رووفاتی یه‌ك شه‌هید مابێت، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان به‌رده‌وام ده‌بین

 

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ مه‌راسیمی پێشوازیكردن له‌ رووفاتی سه‌د ئه‌نفالكراوی بارزان به‌شداری كرد و وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، تا رووفاتی یه‌ك شه‌هید مابێت، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان به‌رده‌وام ده‌بین. له‌ باره‌ی ره‌وشی ئێستای عێراقیشه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌م ره‌وشه‌ی ئێستای عێراق زۆر نیگه‌رانین و خه‌ڵكی عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ زۆر ئازاریان چه‌شتووه‌ و شایسته‌ی ئه‌و ژیانه‌ نین، ئێستا تێیدان.

 

له‌ وته‌كه‌یدا، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند، راسته‌ كێشه‌ هه‌یه‌، بوونی كێشه‌ سرووشتییه‌، هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌، چاره‌سه‌ری نه‌بێت، ئه‌گه‌ر نیازی باش هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردن، كێشه‌ی نه‌وت و غاز و بودجه‌ و كێشه‌كانی دیكه‌ هه‌موویان شیاوی چاره‌سه‌ركردنن، به‌ڵام به‌ تێڕوانینی من كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی و مه‌ترسیدار بوونی ئه‌و كولتووره‌یه‌، كه‌ ئه‌و تاوانانه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت. پێویسته‌ ئه‌و كولتووره‌ ریشه‌كێش بكرێت.

 

هه‌روه‌ها وتی: سی و نۆ ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ رژێمی به‌عس هه‌شت هه‌زار بارزانی راپێچ كرد بۆ بیابانه‌كانی باشووری عێراق و ئه‌و خه‌ڵكه‌ ته‌نیا تاوانیان ئه‌وه‌بوو، بارزانی بوون. ئه‌مه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ بوو دژی گه‌لی كوردستان كران، وه‌ك ئه‌نفالكردنی دوازده‌ هه‌زار بارزانی و كیمیایبارانكردن و ئه‌نفالی سه‌رتاسه‌ری كه‌ زۆرێك ناوچه‌ی كوردستانی گرته‌وه‌ و سه‌د و هه‌شتا و دوو هه‌زار هاووڵاتی زینده‌به‌چاڵ كران.

 

هه‌روه‌ها وتی: تا ئێستا توانراوه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ رووفاتی شه‌هیدان بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا زۆریان ماوه‌، تا رووفاتی یه‌ك شه‌هیدیش مابێت، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین.

 

سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وتی: پێویسته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نه‌درێت، تاوانی رێژیم ببێته‌ هۆی دژایه‌تی نێوان گه‌لان، رێژیمه‌كان دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام برایه‌تی گه‌لان ده‌مێنێته‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها وتی: ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دادگای تاوانه‌كان و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و تاوانانه‌ی به‌ جینۆساید ناساند، حكومه‌تی عێراقیان پابه‌ند كردووه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی رووفاته‌كان و قه‌ره‌بووی كه‌سوكاریان.

 

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختیكرده‌وه‌، چاوه‌ڕوانیمان له‌ هاوپه‌یمانانمان ئه‌وه‌ بوو هاوكارمان بن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ خه‌م و ئازاری كه‌سوكاری شه‌هیدان كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ پێچه‌وانه‌مان بینی. قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌ركێكی یاسایی و ئه‌خلاقی حكومه‌تی عێراقه‌ و هیوادارین به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ستێت.

 

له‌ باره‌ی ره‌وشی ئێستای عێراقه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی وتی: ئێمه‌ زۆر نیگه‌رانین له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا عێراق تێیدایه‌. له‌ دوای رووخانی رێژێم سوود له‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ وه‌رنه‌گیرا و ده‌ستوور به‌لاوه‌ نرا و هۆكاری كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرا و مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كان كرا، خه‌ڵكی عێراق به‌ گشتیی، ئه‌وه‌نده‌ ئازاریان چێشتووه‌، شیاوی ئه‌م ژیانه‌ نین، ئێستا تێیدان. ئومێده‌وارین هه‌موو لایه‌ك هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و به‌ نیازێكی پاك و ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین ئه‌م قه‌یرانه‌ كۆتایی بێت و جارێكی دیكه‌ ئه‌م جۆره‌ كاره‌ساته‌ نه‌بینینه‌وه‌.

 

لەوانەیە وێنەیەک لە ‏‏٤‏ كەس‏ بێت

 

 

لەوانەیە وێنەیەک لە ‏‏‏٧‏ كەس‏ و ‏‎‎people standing‎‎‏‏ بێت

لەوانەیە وێنەیەک لە ‏‏‏١ کەس‏، ‏‎‎standing‎‎‏‏ و ‏لە ژوورەوە‏‏ بێت

Back to top button