سەرۆك بارزانی، وردەكاریی خستنەخوارەوەی دوو كۆپتەری ئەمریكی ئاشكرا دەكات

 

سەرۆك بارزانی بۆ یەكەمین جار چەند زانیارییەكی تازە لەسەر ڕووداوی خستنەخوارەوەی دوو هەلیكۆپتەری ئەمریكی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا ئاشكرا دەكات.

 

لە لاپەڕە 230 و 231ی بەرگی پێنجەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد.. راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) كە تایبەتە بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی ساڵانی 1991 تا 2002، سەرۆك بارزانی ئاماژە بە ڕووداوی خستنەخوارەوەی دوو هەلیكۆپتەری جۆری (بلاكهۆكی) ئەمریكی لە گوندێكی سنووری ئاكرێ دەكات و دەڵێت، هەوڵەكان بۆ ڕێگرتن لە شەڕ و تەشەنەكردنی گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بەردەوام بوون، لەسەر ئەو بنەمایەش رۆژی 14ی نیسانی 1994 دیاری كرا بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی. ”هاوكات بڕیار بوو شاندێكی (ئێم سی سی) سەردانی مەسیف بكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی هەردوولا. ئێمە لە كۆبوونەوەدا بووین كە برووسكەیەكی زەعیم عەلیم بۆ هات بەم ناوەڕۆكە: (كاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ لە نزیك گوندی توژكێ (لە سنووری ئاكرێیە) دوو هەلیكۆپتەر بوونە ئامانجی فڕۆكە شەڕكەرەكان و خرانە خوارەوە)“

 

سەرۆك بارزانی ڕوونی كردووەتەوە كە ”زەعیم عەلی و ستافی لقی نۆی پارتی، سەردانی شوێنی ڕووداوەكەیان كردبوو و ڕێگەیان نەدابوو كەس لە شوێنی ڕووداوەكە نزیك بێتەوە، سەرەتا واماندەزانی فڕۆكە عێراقییەكان هێرشەكەیان كردووە، دواتر دەكەوت كە فڕۆكەیەكی ئەمەریكیی جۆری F15 هەلیكۆپتەرەكانی خستووەتە خوارەوە.“

 

لەبارەی ئاگاداركردنەوەی لایەنی ئەمریكی لەسەر كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرەكان، سەرۆك بارزانی دەڵێ: ”دوای ئەوە دەستبەجێ لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیم بە هۆشیار زێبارییەوە كرد كە لە واشینگتۆن بوو و ڕووداوەكەم بۆ باس كرد. هۆشیار زێبارییش پەیوەندیی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە كرد. دواتر وەزارەتی دەرەوە هەواڵەكەیان پشتڕاست كردەوە و رایانگەیاند كە ڕووداوەكە ئەنجامی هەڵەیەك بووە.“

 

هاوكات ئاشكرای كردووە كە ترسی ئەوە هەبووە بەهۆی ئەم ڕووداوەوە، ئەمریكا بە ئەركەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بچێتەوە و نووسیویەتی: ”ئەم پێشهاتە ڕووداوێكی گرنگ بوو، چونكە ترسی ئەوە هەبوو ئەمەریكا بە ئەرك و پابەندییەكانیدا بچێتەوە. دواتر سەرۆك و وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە میدیاكاندا رایانگەیاند كە لە پاراستنی ناوچەكە بەردەوام دەبن و ڕووداوەكە كار ناكاتە سەر پابەندییەكانی ئەمریكا.“

 

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە داوە كە لەو ڕووداوەدا 26 كەس گیانیان لەدەست داوە كە شەش كەسیان پێشمەرگە بوون، بۆ مەبەستی ڕێزگرتن لە گیانی ئەو كەسانەش، ڕۆژی 25ی نیسانی 1994 ویلیام پێری، وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ كاشڤیڵی، سەرۆكی ئەركان لە گۆڕستانی ئارلنگتۆن ئامادەی ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی قوربانییان بوون كە شەش پێشمەرگەش لەنێویاندا بوون. منیش بانگهێشتی ڕێوڕەسمەكە كرابووم، بۆیە هۆشیار زێباریم ڕاسپارد لەجیاتی من بەشداریی مەراسیمەكە بێت. رۆژی 27ی نیسانی 1994یش سەرۆك كلینتۆن نامەیەكی سەرەخۆشیی بۆ ناردم بۆ ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ (ئێم سی سی) گیانیان لەدەست دابوو.“

Back to top button