ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی : مەرجی بەشداریكردنی پارتی لە حكوومەتی عێراق جێبەجێكردنی دەستوورە

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی : مەرجی بەشداریكردنی پارتی لە حكوومەتی عێراق جێبەجێكردنی دەستوورە

ئەكرەم ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پارتی رۆڵیكی دیاری لە تێپەڕاندنی ئەو تەنگەژەی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان رووی لە گۆرەپانی سیاسی عێراق كرد هەبوو، بۆیە بەشداریكردنی پارتی لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بەپێی ئەو رێككەوتنەیە كە لایەنەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەری رێك كەوتوون.

زیاتر گوتی، پارتی هێزی یەكەم و گەورەی هەرێمی كوردستانە و یەكێكە لە هێزە گەورەكانی عێراق و خاوەن پێگەیەكی تایبەتە، بۆیە بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن كاریگەری و رۆڵی دەبێت و پۆست لە حكوومەتی نوێی عێراق وەردەگرێت.

ئەو سەركردەی پارتی باسی لەوەیش كرد، هەر لایەن و پێكهاتەیەك لە حكوومەتی نوێی عێراق خواست و ئامانجی خۆی هەیە، بەڵام پارتی وەك هەمیشە خواستی جێبەجێكردنی دەستوور و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەیش بوو كە پارتی و سەرۆك بارزانی رۆڵی دیاریان هەبوو لە تێپەڕاندنی تەنگژەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق.

 

Back to top button