یەكگرتوو وەڵامی چاوەڕواننەكراوی بۆ یەكێتی هەیە
شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كرد، لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە گوتەبێژی یەكگرتوو دەڵێت، گرنگ ئەوەیە زیان بە كوردستان نەگات.
ئەمڕۆ یەكشەممە 30ـی تشرینی یەكەم، خەلیل ئیبراهیم گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دوای سەردانی شاندی پارتی گوتی، لەگەڵ شاندی پارتی بارودۆخی هەرێممان تاوتوێ كرد.
گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی گوتی، كێبەركێی سیاسی شتێكی ئاساییە بەلای یەكگرتووەوە، گرنگە كوردستان كێشەی بۆ دروست نەبێت.
ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو تیشكی خستە سەر ئەوەی نابێ رێ بە درزی زیاتر لە نێوان لایەنەكانی كوردستان بدەین و دەبێ بە عەقڵ و حیكمەت بڕیار لەبارەی كوردستان بدەین .
بە گوتەی خەلیل ئیبراهیم، هەرێمی كوردستان بەرگەی كێشەی زیاتر ناگرێت و ئەگەر ئیرادە هەبێت، كێشەكان قووڵ نین.
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو لە كاتێكدایە، یەكێتی نیگەرانیی خۆی لەسەر چەند بابەتێك راگەیاندووە، بەڵام هیچ لایەنێك پشتگیریی بۆچوونەكەی نەكردووە.
پارتی بڕیاری داوە بە شاندێك سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكات، چوونی ئەو شاندە بۆ لای حزبەكانی تر بەردەوام دەبێت، كە تیمی پارتی دیموكراتی كوردستانن لە حكوومەت، لە دوو ڕۆژی داهاتوو سەردانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان دەكەن و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبانە دەكرێ.
چوونی ئەو شاندە لە كاتێكدایە پێشتریش چەندان سەردانی هەبووە، هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێ باشترین پێوەندی لەگەڵ حزبەكان هەبێت، دوێنێش سەردانی حزبی شیوعی و زەحمەتكێشانیان كرد.