مه‌سرور بارزانی بۆ پاراستنی زمانی كوردی چه‌ند بڕیارێكی گرنگ ده‌رده‌كات

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، دوو بڕیار لە بارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی دەردەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21 ی 2 لەگەڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەرکرد کە لە فه‌رمانی یه‌كه‌مدا هاتووه‌، لە پێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک، “بڕیارماندا بە راسپاردنی هه‌ردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن”.

هەروەها له‌ فه‌رمانی دووه‌مدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گشت وه‌زاره‌ته‌كانی راسپاردووه‌ پاڵپشت به‌ یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان، نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان، رێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت.

لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت ئەوەش هاتووە کە ، لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و رێستورانتەکان، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و رێبەر و رێنماییەکان، بەزمانی کوردیش هەبێت.

Back to top button