گوتەبێژی حکومەت: بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنووری پیرمام – هەولێر و “هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین.”
ئەمڕۆ یەكشەممە 31ـی 12ـی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: كاتژمێر 11 و 45 خولەكی شەوی ڕابردوو، بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنەوری پیرمام – هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی مرۆیی نەبووە و تەنیا زیانی دارایی لێ کەوتەوە.
دەشڵێت: ئەم هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لەیاسادەرچوو بە چاوساغی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە، ئێمە ئەو لایەنانە و حکوومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لەیاسادەرچوانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکوومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن، چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كردووە: “لە کاتێکدا کە حکوومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەکرێن.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەش داوە: چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کردار لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گرووپانە، هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین، داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین، خوای گەورە پشت و پەنامان بێت.