ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی دەستەکەی لەگەڵ شاندێکی وەبەرهێنانی ئەمریکا بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەین.
دەستەکە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەل هەر یەکە لە دۆری ئەبوزەید و باربرا ئابێل، سەرۆک و یاریدەدەری ژووری بازرگانی ئەمریکی- هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەردانەکەی ژووری بازرگانی ئەمریکی – هەرێمی کوردستان، بۆ دەستەی وەبەرهێنان، هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمریکایە بۆ هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنیانە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان.
هەروەها محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئامادەیی خۆی نیشاندا، لە ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.