سیپان شێروانی : دڵنیابن هەتا پارتی مابێت هیچ بەناوهەڵبژاردنێكی پێشوەخت كۆتایی دیار لە كوردستان ناكرێت
سیپان شێروانی ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ:” دڵنیابن هەتا پارتی مابێت هیچ بەناوهەڵبژاردنێكی پێشوەخت كۆتایی دیار لە كوردستان ناكرێت هەتا ئەگەر 90 كورسی پێشوەختە بۆ پارتی دانرابێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چوار خاڵی لەسەر هەڵبژاردن نووسیووە و لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە تێدا رایگەیاندووە:
1- ئەو یەكێتیەی هەمیشە كێشەی لەگەڵ هەڵبژاردن هەبووە و هۆكاری سەرجەم دواخستنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بووە، لە سەردەمی مام جەلالی رەحمەتی و بەم خولەشەوە كە 2 ساڵ دوای خست، ئەم پێداگیرییەی ئێستای بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەردەخات كە یەكێتی كاری چاكی تێداكردووە و كورسی باشی بۆخۆی زامنكردووە.
2- پارتی ئەم بەناو هەڵبژاردنەی رەتكردەوە، نەك لەبەر ئەوەی كورسی كەم بۆ پارتی دانراوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە هیچ بەهایەكی بۆ دەنگی هاووڵاتی نەهێشتوەتەوە و دەنگی خەڵك بن پێ خراوە، واتە دەنگ بدەی یان نا، یان دەنگ بە هەر كام لایەن بدەی هیچ جیاوازی نییە و كورسی پێشوەخت سەدەقەی بۆ كراوە.
3- ئەم هەڵبژاردنە خۆ تەنیا مافی پێكهاتەكان و كورسی پارتی نەخواردووە، بەڵكو ئەو كورسیانەی كە بۆ لایەنێكی دیاركراو زامنكراون، بەشێكی لەسەر حسابی پارتییە، بەشەكەیتری لەسەر حسابی لایەن و حیزبەكانیترە، بەڵام پارتی ئەم كورسی دابەشكردنە پێشوەختەی كە مانای بن پێخستنی دەنگی هاووڵاتییان دەگەینێت رەتكردەوە، بەس پێدەچێت حیزبەكانیتر جورئەتی داكۆكیكردن لە مافەكانی خۆشیان نەبێت.
4- وەك چۆن لە شەڕی دا*عش و مووچە و مافەكانی كورد هەمیشە پارتی لەجێی هەموو لایەنێك شەڕی كردووە، ئەم جارەش بۆ ماف و بەهای دەنگی خەڵك هەر تەنیا پارتییە شەڕ دەكات، بۆیە دڵنیابن هەتا پارتی مابێت هیچ بەناو هەڵبژاردنێكی پێشوەخت كۆتایی دیار لە كوردستان ناكرێت هەتا ئەگەر 90 كورسی پێشوەختە بۆ پارتی دانرابێت.