فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان چەواشەكارییەک ئاشكرا دەكات
لە روونكردنەوەیەكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان کە ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویکردۆتەوە تێدا هاتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن دەزگایەكی ڕاگەیاندن كە زمانحاڵی حزبێكی كوردستانە، بێ بوونی زانیاری و بەڵگەی دروست و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی، بە چەند هەواڵێكی چەواشەكاری، فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە دامەزراندنی رێكخراوێك كە بە زمانی ئەوان “هاو*ڕەگەزبازی”یە. لە بنەڕەتدا بەكارهێنانی ئەو وشەیە دەچێتە چوارچێوەی شێواندنی دەروونی كۆمەڵگەکەمان.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە كراوە، ئەم كەناڵە هەموو ئەو بەها ئەخلاقی و ئیتیكیانەی تێپەڕاندووە كە لە یاسای رۆژنامەگەریی كوردستان ژمارە (35)ى ساڵی 2007 و بەڵێننامەی شەرەفی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان دیاری كراوە، پێشێلی پیشەی رۆژنامەنووسیشی كردووە؛ چونكە بەبێ سەرچاوەی راست و دروست هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە، بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵەش بوو بەهۆی ئەوەی دوێنێ چەند کەس و لایەنێک كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێك بخەن و بەیاننامەیەكی چەواشەكاریی بێ بنەمای تێدا بەیان بكەن كە وشە بە وشەی بەیاننامەكە بێ بەڵگە و تۆمەتێكی دروستكراو و هەڵبەستراو و چەواشەكارییە لە پێناو شێواندنی دەروونی هاووڵاتییانی ئازیزی كوردستان.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەی فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحكوومییەكاندا وا هاتووە:” ئێمە تێدەگەین مەرامی ئەم دەزگا و كەس و لایەنانە چیە و دەشزانین (ئاینی پیرۆزی ئیسلام) بەكاردەهێنن بۆ مەرامەكانیان و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە سۆزی هاووڵاتییان بەلای خۆیاندا ڕابكێشن، بۆ كۆكردنەوە و زیادكردنی چەند دەنگێك، بەڵام هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان زۆر بە ئاگا و هۆشیارن لە بەرانبەر ئەم چەواشەكارییانەدا”.
روون كراوەتەوە،:” ئێمە وەك تیمی نوێی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (1)ى ساڵی 2011 و پەیڕەوی ژمارە (4)، كاروبارەكانمان بەڕێوە دەبەین و سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكی تۆكمەین كە ڕێكخراوەكان ئازادانە لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كار و چالاكیی گرنگ و كاریگەر ئەنجام بدەن بۆ بوژانەوەی ژێرخان و سەرخانی كوردستانی ئازیز، ئامانج و پەیام و خەمی گەورەی ئێمە پاراستنی نیشتمان و خۆشەویستیی خاك و بەها باڵاكان و ئاكارە جوانەكانی كۆمەڵگەكەمانە بە هەموو نەتەوە و ئاین و پێكهاتەكانییەوە ،
هەروەها لە بەرانبەر چەواشەكارییەكاندا، فەرمانگەكە رێكارەكانی خۆی ئاشكرا كردووە و ئاماژە دراوە بەوەی كە لێپێچینەوەی یاسایی دەگرنەبەر بەرانبەر ئەو كەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانەی كە جگە لە چەواشەكاری و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، هیچی تر لە هەگبەیاندا نییە. بە وزەیەكی نوێ و عەقڵێكی مەدەنیەوە كاردەكەین بۆ گەشەكردن و پێشخستنی رەوتی رێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستاندا.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هەر لێرەشەوە ڕای دەگەیەنین كە لە هەیكەلیەتی كارگێڕیی فەرمانگەكەماندا پلەیەك نییە بە ناوی راوێژكار، بەڵكو بەپێی پەیڕەوی ژمارە (4)/مادەی دووەم/ بڕگەی یەكەم، بەرزترین پلەی كارگێڕی لە فەرمانگەكەماندا “بەڕێوەبەری گشتی”یە.