
سبەی مەسرور بارزانی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکاتەوە و، ٧٢ گوند لە کێشەی کەمئاوی رزگاردەکات.
بڕیار وایە سبەی پێنجشەممە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بکاتەوە کە سود بە دانیشتوانی ٧٢ گوندی قەزای قوشتەپە و دەوروبەری دەگەیەنێت..
ئەم پڕۆژەیە لە رۆژێكدا 72 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ ناوەندی قەزای قوشتەپە و شارەدێی بێستانە و 72 گوند دابین دەكات، لە تەواوبوونی پڕۆژەكە زیاتر 61 هەزار هاووڵاتییانی دەڤەرەكە سوودمەند دەبن.
گرنگی ئەو پڕۆژە تەنیا بۆ ئێستە نییە، بەڵكو لە داهاتوو و تا 30 ساڵی تریش پڕۆژەكە خزمەتی دەڤەرەكە دەكات.
پڕۆژەكە دەبێتە هۆكاری راگرتنی زیاتر لە 110 بیر و دەبێتە بووژانەوەی ئاوی ژێرزەویی دەڤەرەكە، چونكە قووڵترین بیرەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان و عێراق، دەكەوێتە شارۆچكەی قوشتەپە بە قووڵیی 730 مەتر.
گوژمەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری 189 ملیار دینارە، لەگەڵ 22 ملیار دیناری تریش بۆ تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو بۆ قوشتەپە و بێستانە و گوندەكان. پڕۆژەكە لە سێ وێستگەی سەرەكی پێكدێت، وێستگەی سەرەكیی لەسەر زێی بچووك لە قەشقە و خەزانی بانەبۆران كە كۆگەیەكی ناوەندییە و كۆگەی كانی بزرە.
ئەو پڕۆژەیە رۆژانە سێ هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو لە ڕووبارەكە وەردەگرێت، توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە بەگوێرەی ستانداردە عێراقی و جیهانییەكان. نزیكەی 40 كلیۆمەتر بۆڕیی كاربۆن ستیل درێژیی بۆڕییەكەیە، هەروەها 251 كیلۆمەتریش بۆڕیی پۆلی ئەپیلین ((HDPE بۆ دابەشكردنی ئاو بۆ ناو قوشتەپە و شارەدێی بێستانە و گوندەكان لەخۆ دەگرێت.
