
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: چاكسازی لە پۆلیسی کوردستان دەکرێت
وەزارەتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت ، لیژنەیەکیان بۆ چاكسازی و پێداچوونەوە بە ئەرک، پەیکەر، شێوازی مامەڵە، ڕاهێنان، پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزریی پۆلیسی کوردستان راسپاردووە؛
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یەکێک لەو لێژنانە کرد، کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک، پەیکەر، شێوازی مامەڵە، ڕاهێنان، پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان راسپێردراوه.
لە راگەیەندراوەکدا هاتووە، وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوەكهدا، پوختەیەکی لە بارهی دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاووڵاتییان خستە ڕوو، کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان.
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە: لە کۆبوونەوکەدا وەزیری ناوخۆ باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جیددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتییانی کوردستان بگونجێت.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەشی داوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس هاوشان لەگەڵ لێژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نووسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە راسپێردراون.
باسی لەوەش کردووە، وەزیری ناوخۆ لێژنەکەی راسپارد کە بیرۆکە و وردەکاریی ئەو پرۆژەیە لەگەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە رێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و وۆرک شۆپ بەش بکرێت و ڕا و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بە هەند وەربگیرێت و سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێت.
لەراگەیاندراوەکەدا هاتووە، وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێویستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و رابەریکردنی مەعنەوی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کۆمەڵگەیی راسپارد بۆ رێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکوو یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە، دابەشکردن، شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.