
مەسرور بارزانی بریاری دروستکردنی سایلۆیەکی گەورەی بۆ کۆیە دا
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت ، سەرۆک وەزیران بڕیاری دروستکردنی سایلۆیەکی گەورەی بۆ کۆیە دا، کە توانای لەخۆگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند : لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، سایلۆیەکی گەورە و پێشکەوتوو لە قەزای کۆیە دروست دەکرێت.
گوتیشی:” دروستکردنی سایلۆکە بۆ خزمەتی جووتیارانی کۆیە و دەورووبەریەتی، هەروەها دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە، سایلۆکەش لەسەر ڕووبەری 25 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و توانای لەخۆگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
ئەمەش یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی سەرۆک وەزیران بۆ کۆیە، کە ئەو قەزایە لە داهاتووێکی نزیکدا دەچێتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.