
نووسەرێکی سلێمانی: تەرمی ئەو گەنجەی دوو مانگە لە مەیتخانە كەوتووە، سلێمانیی گۆڕی بۆ شاری بێدەنگی و سەركزكردن
نووسەرێكی سلێمانی رەخنەی توند لە بێدەنگیی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و مەلا و نووسەرانی سلێمانی دەگرێت، بەهۆی بێدەنگبوونیان لەو تاوانەی لە هۆتێل لالەزار بەرامبەر بە خەڵك كرا.
دوای زیاتر لە دوو مانگ، تەرمی یەكێك لەو گەنجانە ناسرایەوە كە لە هۆتێل لالەزار لە لایەن هێزەكانی یەكێتییەوە سووتێندرابوو (هەندێك لە سەرچاوەكان باسیان لەوە دەكرد كە بە زیندوویی سووتێندراوە)، ئەو گەنجەش ناوی (ڕێكار) بووە كە خەڵكی دەڤەری باڵەكایەتیە و لە لالەزار كاری كردووە، بەڵام دۆزینەوەی ئەو تەرمە نەبووە هۆی جووڵاندنی ویژدانی زۆر لە رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسانی سلێمانی.
لەمبارەیەوە عەزیز رەئووف، نووسەر، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) وتارێكی بە ناونیشانی (کە سلێمانی دەبێتە مەیتخانە) بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند: ”ئەوەی دوو مانگە لە مەیتخانەی سلێمانی کەوتووە، تەنها تەرمی گەنجێک نەبوو کە لە شەوێکی هاویندا سووتێندرا، بەڵکو ئەوە ویژدانی مردووی ئێمە بوو.“
روونیشی كردووەتەوە: ”ئەوەی دوو مانگە لە مەیتخانە پاڵکەوتووە، تەنها جەستەی سارد و سڕی گەنجێک نەبوو، بەڵکوو ئەوە قەڵەمی ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە بوو، عەمامەی ویژدانی مەلاکان بوو، ویژدانی مردووی ئۆپۆزسیۆن بوو، مایکی درۆزنانەی ڕۆژنامەنوسان بوو، شکۆی شکاوی پارێزگار بوو.“
ئەو نووسەرەی سلێمانی دەشڵێت: ”تەرمێکی سارد و سڕ لەو مەیتخانەیەی سلێمانی غیرەتی هەموومانی دەرخست. تەرمی گەنجێک لە مەیتخانە، سلێمانی لە شاری هەڵمەت و قوربانییەوە گۆڕی بۆ شاری بێدەنگی و سەرکزکردن.“