
سبەی دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان دەکرێت
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە “رۆژی سێشەممە، 04ـی تشرینی دووەمی 2025، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى (10) خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.”
لە راگەیاندراوەکە هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2025، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازى) دەست بە رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، رۆژی پێنجشەممە، 06ـی تشرینی دووەمی 2025، دەست بە دابەش کردنی هاوکارییەکە دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەم مانگەدا، زیاتر لە (97%) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە ڕێگەی پڕۆژەی “هەژماری من” هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە ڕێگەی سیستەمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.