
پێشەوا هەورامانی: رووناکی بەسەر تاریکی سەردەکەوێت
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەمە 11مین جارە بە درۆن هێرشدەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بەهێرشەکەی ئەمڕۆوە ئەمە 11ـمین جارە، بە درۆن هێرشدەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە دەرئەنجامی هێرشە ترسنۆکانەکە زیان بەر خەزانی غاز کەوتووە بەڕێژەیەکی زۆر، تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ئەمرۆ لە دوای رووداوەکە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەن و بەیانی بە دیاریکراوی رووندەبێتەوە چەند کاتمان پێویستە بۆ ئەوەی بزانین کەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەکەینەوە،بەڵام هەوڵی تەواو دەدەین شەوو رۆژ کاربکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا.
دەشڵێت، پێویستە گەرەنتی بدرێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵ ئەم کارە دووبارە نابێتەوەو ئەوانەی ئەنجامیانداوە ناوو لایەنی پاڵپشتیکارییان ئاشکرابکرێت و توندرین سزا بدرێن.
جەختیش دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتە دواوە لە پڕۆژە و کارە گەورەکانی و داهاتووی ئێمە بەکاری ترسنۆکانە لەناو نابرێت و ڕووناکی بەسەر تاریکی سەردەکەوێت، ئیرادەو خەونی میللەتی ئێمە بۆ بونیادنان لە ئارەزوی تێکدەرانەی تاریکپەرستان گەورەترە.