
پارێزگای هەولێر: نابێت شەقامەکان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بەکاربهێنرێن
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رێکاری نوێی بۆ چۆنیەتیی کۆکردنەوەی کۆمەک راگەیاند و بڕیاریدا بە توندی رێگری لە هەر کەمپینێک بکرێت کە بەبێ مۆڵەت لەسەر شەقامەکان ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ هاووڵاتییان.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی شاری هەولێر و دانیشتووانەکەی وەک هەمیشە پێشەنگ بوون لە گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان، بەڵام تێبینیی ئەوە کراوە دیاردەیەک سەریهەڵداوە کە تێیدا کەسانێک بە ناوی کەمپینەوە شەقامە گشتییەکان دەگرن و قەرەباڵغی و بێزاری بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست دەکەن.
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، بەکارهێنانی شەقامە گشتییەکان بۆ کاری خێرخوازی بەبێ مۆڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە، لەم رووەوە دەسەڵاتی تەواو دراوەتە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ کە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک بگرنەبەر کە سەرپێچیی ئەم بڕیارە دەکات. هاوکات هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییانیش کە بەشداری لەو جۆرە کەمپینە هەڕەمەکییانە نەکەن، چونکە هیچ گرەنتییەک نییە کە پارە و کۆمەکەکانیان بە دەستی زیانلێکەوتووان بگات.
پارێزگای هەولێر روونیکردووەتەوە، هەر کەسایەتی، لایەن یان رێکخراوێک بیەوێت کەمپین رابگەیەنێت، دەبێت داواکاریی فەرمی پێشکەش بە پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، دواتر شوێنی تایبەت و گونجاویان بۆ دیاری دەکرێت کە کاریگەری لەسەر جوڵەی هاتووچۆ و ژیانی خەڵک نەبێت.