
مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە هەیبەت حەلبووسی و جێگری یەکەمی دەکات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق کرد و هیوای خواست پەرلەمانەکە وەک دەزگایەکی گرنگیی یاسادانان، ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بگێڕێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لە پەیامەکەدا هاتووە، هیوادارم ئەندامانی خولی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، لە ئاست چاوەڕوانیی و خواستی خەڵکی عێراقدا بن و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و بتوانن پڕۆژەیاسای پێویست و گرنگ لە بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکاندا پەسەند بکەن.
هاوکات سەرۆکی حکومەت دەڵێ: ئومێدەوارین پەرلەمانی عێراق وەک دەزگایەکی گرنگیی یاسادانان، ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بگێڕێت.
لەپەیامێکی تردا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی عەدنان فەیحان، جێگری نوێی یەکەمی پەرلەمانی عێراق کرد.
لە پەیامەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێ: بە بۆنەی هەڵبژاردنتان بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم هیوای سەرکەوتنتان لەم بەرپرسیاریەتییە گرنگەدا بۆ دەخوازم .
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئوميدەوارین دەستەی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانی عێراق بە گشتیی، ڕۆڵی گرنگیی خۆیان لە بواری یاسادانان و دەرکردنی پڕۆژە یاساکان لە خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدا لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیدا ببینن.