
حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ڤیزای ترانزێتی تورکیاوە کێشەی ئەو هاووڵاتییانە چارەسەر دەکات کە گیریان خواردووە
هەولێر – بەهۆی دروستبوونی گرژییەکان و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارێکی نوێی بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیانە ڕاگەیاند کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، یان ئەوانەی لە ناوخۆن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە دەرەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، کە توانراوە ڕەزامەندی حکومەتی تورکیا بەدەست بهێندرێت بۆ پێدانی ڤیزای ترانزێت بۆ ماوەی (٥) ڕۆژ بە هاوڵاتیانی عێراقی، تاوەکو بتوانن لە ڕێگەی تورکیاوە و دواتر بە ڕێگەی وشکانی لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
مەرج و ڕێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزاکە:
وەزارەتی ناوخۆ چەند مەرجێکی بۆ سوودمەندبوون لەم پرۆسەیە دیاری کردووە. لە گرنگترین مەرجەکان ئەوەیە کە هاوڵاتیان دەبێت سەرەتا فۆڕمێکی ئۆنلاین پڕبکەنەوە، پاشان پێویستە بلیتی فڕۆکە تەنها لە ڕێگەی هێڵە ئاسمانییە تورکییەکانەوە ببڕن. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دەبێت بڕینی بلیتەکە پێش سەردانیکردنی کۆنسوڵخانەکانی تورکیا بێت بۆ وەرگرتنی ڤیزاکە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا هاتووە، ئەم کارئاسانییە تەنها بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقییە؛ تەنانەت ئەگەر کەسێک پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەی (وەک دۆمۆنیکا) هەبێت، دەبێت پاسپۆرتە عێراقییەکەی پێشکەش بکات. هاوکات مەرجە کەسی داواکار هیچ پێشینەیەکی نایاسایی لە تورکیا نەبێت و ناوی لە لیستی قەدەغەکراواندا نەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو ژمارە تەلەفۆنی (07508035680 – 07508035681) وەک هێڵی گەرم تەرخان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هاوڵاتیان. دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارە کاتییە و تەنها تا کاتی کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت، وە هەوڵەکانیش بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی ئەم ڕێکارە نایانگرێتەوە، بەردەوام دەبێت.
دەشڵێ:” تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ابراهیم خلیل، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمە تایبەتەکانەوە کارئاسانی تەواوتان بۆ دەکات.
ئەو هاوڵاتیانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتیمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.
لە کاتی بوونی هەرپرسیارێک پەیوەندی بە هێلە گەرمەکانەوە بکە کە ئاماژەیان پێدراوە: