نزیکەی 700 هەلی کار دەڕەخسێنن… لە زاخۆ بە گوژمەی 40 ملیۆن دۆلار سێ پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێن.

بە گوژمەی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا و کارگەیەکی پیشەسازیش بە فەرمی کرایەوە، کە پێکەوە نزیکەی 700 هەلی کار دەڕەخسێنن.

وردەکاری پڕۆژەکان بەم شێوەیەن:

کارگەی کۆمپانیای ماڵبات: پڕۆژەیەکی پیشەسازیی ستراتیژییە لە ناوچەی “باتێل”. لەسەر ڕووبەری 50 هەزار مەتر دووجا و بە سەرمایەی زیاتر لە 20 ملیار دینار دروست کراوە. کارگەکە 100٪ تەواو بووە و تایبەتە بە دیزاین و چاپکردنی کارتۆن؛ توانای بەرهەمهێنانی 330 تۆن کارتۆنی لە ڕۆژێکدا هەیە و 219 هەلی کاری ڕەخساندووە.

پڕۆژەی گەشتیاریی جان ستی: لە سنووری شارەوانیی زاخۆ (کەرتی چەم سیرمۆ) لەسەر ڕووبەری 128 دۆنم زەوی و بە بودجەی 10 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێت. پڕۆژەکە پێکدێت لە ئەکوا پارکێکی پێشکەوتوو، شوێنی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل و ئەسپ، لەگەڵ باخچە و سەوزایی. لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو دەبێت و لە قۆناغی یەکەمدا 62 هەلی کار دابین دەکات.

کارگەی دەرمانی داسین: پڕۆژەیەکی گرنگی تەندروستی و پیشەسازییە لە ناحیەی “باتێل” کە بە سەرمایەی 22 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای (شەماڵک میدیکاڵ)ـەوە لەسەر ڕووبەری 18 دۆنم بنیات دەنرێت. کارگەکە چوار هێڵی سەرەکیی بەرهەمهێنانی دەرمانی دەبێت (سێڵاو، قەترەی چاو و گوێ، حەب و سرنج)، لە ماوەی 36 مانگدا تەواو دەبێت و 399 هەلی کار بۆ کادرانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.

Back to top button