
وەزیری ئەوقافی میسر: پێشکەوتنەکان و سەقامگیریی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنم
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوە و دیدارەکانی، د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف لە میسر، بڵاویکردەوە: ”ڕۆژی پێنجشەممە (25/6/2026)، لە قاهیرەی پایتەختی میسر، سەردانی وەزارەتی ئەوقافی میسر کرا و لەگەڵ دکتۆر ئوسامە ئەزهەری، وەزیری ئەوقافی میسر کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو کە تێیدا پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.
لە دیدارەکەدا ئامادەیی نیشندرا بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی یەکتری لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری بواری ئایینی و پێکەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و مەشق و ڕاهێنان.
لای خۆیەوە، وەزیری ئەوقافی میسر دڵخۆشیی خۆی بەو سەردانە، سەقامگیری و پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە دەربڕی و پێشکەوتنەکانی کوردستانیشی بەرز نرخاند.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بڕیاردرا کە لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا تەواوی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە بخرێنە واری جێبەجێکردنەوە و لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت.