حزبی شیوعی: پێكھێنانی دەوڵەتی كوردستان مافی ڕەوای گەلی كوردە

دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری سازدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستانی دا,ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات كە پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا دەكرێت و گەلی كورد لە بڕیاری خۆی پاشگەز نابێتەوە.
ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی، ڕایگەیاند: “پێكھێنانی دەوڵەت مافی ڕەوای گەلی كوردە، بێگومان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ھەنگاونانە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە پێویستە ھەموو میلەتی كورد بە گرنگییەكی زۆرەوە بایەخ بەو پرسە نیشتمانییە بدات”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی شیوعی، ئەوەشی خستە روو كە ئەنجومەنی باڵای ڕیفرۆندۆم بڕیاری داوە، پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ھەروەھا گەلی كورد لەو بڕیارەی خۆی پەشیمان نابێتەوە، بۆیە ھەموو لایەكمان ھەوڵی سەرخستنی ئەو پرسە نیشتمانییە دەدەین، بۆئەوەی ئێمەش خاوەنی كیانێكی سەربەخۆی خۆمان بین.
جەختیشی لەوە كردەوە كە لە ڕیفراندۆم بە دەنگی (بەڵێ) سەركەوتوو دەبێت، چونكە ئەو پرسە، پرسێكی نیشتمانییە، پەیوەندی بە ھیچ پارت و لایەنێكی سیاسییەوە نییە، تەنیا ئیرادەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان نەبێت.
هەروەها ھەندرێن ئەحمەد گوتیشی: “حاڵەتێكی ئاساییە لە پڕۆسەی دەنگدان بە ڕیفراندۆم خەڵكانێك ھەبن دەنگ بە (نەخێر) بدەن، بەڵام ئەو گرووپەكی بە ناوی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كارێكی خراپ دەكەن، چونكە خزمەتی خۆیان و خزمەتی خەڵكی كوردستان ناكات، ھەروەھا سەرەتا ئەو جوڵانەوەیە بە مردووی دەستی پێكردووە، ئەو كەسانەشی سەرپەرشتییان دەكەن، لە ئاستی ئەوەدا نین باوەڕ بە خەڵكی كوردستان بكەن، بۆیە ئەو جوڵانەوەیە فەشەلی ھێناوە”.

 

Back to top button