ئەیاد عەلاوی: داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین نێوەندگیری كوردستان و عێراق بكات
جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/ 10/ 2017 هۆشداری دا لە بەردەوامیدانی قەیرانەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و، ئاشكرای دەكات، لە هەوڵدایە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی فراوان.
ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، لەدیدارێكیدا لەگەڵ ماتیاس ولترس، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، هۆشداریدا لەو قەیرانەی لەدوای ڕیفراندۆمە سەركەوتووەكەی هەرێمی كوردستانەوە، دروست بووە.
بەپێی بەیانانمەیەكی نووسینگەكەی، لە دیدارەكەدا بەشێوەیەكی ورد باس لە قەیرانی نێوان حكومەتەكەی عەبادی و هەرێمی كوردستان كرا بۆ ئەوەی ڕێگایەكی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزرێتەوە، بەتایبەت كە گرنییەكی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێدرا.
عەلاوی، ئەوەشی ڕاگەیاند، كە بەردەوامە لە هەوڵ و دیدارەكانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆیەكی فروان بكرێت و قەیرانەكە چارەسەر بكرێت.
داواشی لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد، هاوكاربن لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ گەیشتن بە چارەسەری سەركەوتوو.