وه‌ستا ره‌سوڵ: پێشمه‌رگه‌ به‌خوێن كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی پاراستووه‌ و ده‌یپارێزێت

فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و بارگرژییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزی عێراقییه‌كان بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانیه‌كان ده‌ڵێت” شاری كه‌ركومان به‌ خوێن پاراستووه‌و هیچ هێزێك ناتوانێ به‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تێپه‌ڕ ببێ.

(وه‌ستا ره‌سوڵ) به‌رپرسی میحوه‌ری خوارووی كه‌ركوك، رایگه‌یاندوه‌” كه‌ هیچ هێزێك ناتوانێت له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی ئێمه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ كه‌ركوكی به‌خوێن پاراستووه‌، بۆ ئاشتیش بێ نابێ هیچ هێزێك له‌سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌وه‌ گوزه‌ر بكات.

فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌” كه‌ وادیاره‌ ئه‌وان تا ئێستا له‌ هێزو توانای پێشمه‌رگه‌ تێ نه‌گه‌یشتوون و باش هێزی پێشمه‌رگه‌یان نه‌ناسیوه‌، ئێمه‌ وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ،تا دوا دڵۆپی خوێنمان به‌رگری له‌ خاكی كوردستان ده‌كه‌ین و هه‌میشه‌ش له‌ ئاماده‌باشی ته‌واو داین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كورد نه‌یتوانی مادده‌ی 140 جێبه‌جێ بكات، هه‌ر بۆیه‌شه‌ ناوچه‌كان به‌ ناوچه‌ی جێناكۆك ماونه‌ته‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئێمه‌ وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاماده‌یی خۆمان وه‌رگرتووه‌و سه‌نگه‌ره‌كانمان به‌ هێز كردووه‌، بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو ئاماده‌ین.

وه‌ستا ره‌سوڵ، ئه‌وه‌شی راگه‌یانده‌” هاتنی پۆلیسی ئیتیحادی بۆ كه‌ركوك پلانی توركیایه‌، بۆ تێكدانی ئارامی كه‌ركوك، له‌ رێگای توركمانه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ هێزێك نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ نێو كه‌ركوك هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌و په‌ڕی ئاماده‌باشیه‌.

Back to top button