جۆبایدن باسی چی لەگەڵ بارزانی كردووە

ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە 31ـی ئابی 2016 جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

مالپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم لە هەواڵێكدا رایگەیاندووە، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگە لە میحوەری خازر و ستاییشی قارەمانێتیی پێشمەرگەی كرد و سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان بەخت كردووە شەهید بوونە. هەروەها سڵاوی سەرۆك ئۆبامایشی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئەنجامی كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا دەربڕی.

لە بەشێكی تری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا هیوای خواست كە سەرۆك بارزانی بە حیكمەتی خۆی چارەسەری ئەو كێشانە بكات كە لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە ئارادایە.

شەڕی تیرۆریستان و ئامادەكاری بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تەوەرێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بوو و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان لەوە دەربڕی كە پلانەكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و جەختیشیان لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای ئەمەریكا و هێزەكانی عێراق كردەوە.

Back to top button