كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان بەردەوامە

كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان بەردەوامەو ناڕازییەكان چەند پرسیارێك ئاڕاستەی عومەری سەید عەلی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەكەیان دەكەن، پرسی گەرمی ناوخۆی گۆڕان‌و كۆڕو كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە هەڵوێست‌و نیگەرانیی دەنگە ناڕازییەكانە كە بەم دواییانە چووە قۆناغێكی تووندترو عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان‌و كەسایەتی دیاری بزووتنەوەكە ڕابەرایەتی ناڕازییەكان دەكات.

عوسمانی حاجی مەحمود هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی كردووه‌، ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن‌و جڤاتی نیشتمانی نەكرێتە ناوەندی بڕیاردان، هەریەكە لە قادری حاجی عەلی كەسایەتیی دیارو شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی پشتیوانیی دەكەن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی خواكوڕك پێنج شەممەی رابردوو دوای تاوتوێكردنی كێشەكانی ناو گۆڕان لە خانەی ڕاپەڕاندن، عوسمانی حاجی مەحمود هەڕەشەی دەستلەكار كێشانەوەی كردووە.

بەرپرسانی گۆڕان خۆیان بەدوور دەگرن لە قسەكردن بۆ ڕاگەیاندنەكان بەناوی خۆیانەوەو دەڵێن، نایانەوێت قسەكردنیان كاریگەریی خراپی لێبكەوێتەوە،كێشەكانی ناوگۆڕان بڕیاردانی چەند گۆڕانكارییەكی ناوخۆییە كە بەبێ گەڕانەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی دراون، سەرەكیترینیان گۆڕانكارییە لە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەكە، عومەری سەید عەلی كەناڵی كەی ئێن ئێنی جیاكردەوەو كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفای كردبە بەڕێوەبەری، ئەوەش نیگەرانیی فراوانی لێكەوتەوەو بە پێچەوانەی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان لەقەڵەمدرا.

ناڕازییەكانی گۆڕان دەڵێن، ئەوان سوورن لەسەرئەوەی پرسی خاوەندارێتی ڕاگەیاندن لە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لێبدرێت‌و یەكلایی بكرێتەوە، “بەڵام ئاڕاستەكەی دیكە ئەوەی ناوێت، چونكە ڕەنگە ئەنجامەكەی بەدڵی ئەوان نەبێت.”

Back to top button