جهعفهر ئیمینكی :پڕۆژەی چاكسازیی خانەنشینی پێویستییەكی نیشتیمانییە
جەعفەرئێمنیكی،جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند: “پڕۆژەی چاكسازیی خانەنشینی، پێویستییەكی نیشتیمانییە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، بۆیە ڕێگە نادەین بكرێتە دەستكەوت بۆ هیچ حیزبێك و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاری بێنن، هەر كات ڕێككەوتن لەسەر پڕۆژەكە هەبوو لەلایەن فڕاكسیۆنەكانەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان و پەسەند دەكرێت، ئەگەرنا ئێمە تا ڕۆژی 12-5 ڕادەوەستین و لە 13-5 بڕیاری خۆمان دەبێت وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بە دڵنیاییشەوە 15/5 ئەو پڕۆژەیە مناقەشە كراوە و پەسەندمان كردووە، بۆیە ڕادەوەستین تاوەكوودوای هەڵبژاردن، تا هیچ حیزبێك نەتوانێت موزایەدەی سیاسیی پێوە بكات، ئەگەر لە پێش هەڵبژاردن سازانی لەسەر نەكرا”.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان راشیگهیاند: “كاتێك لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پڕۆژەیاسای خانەنشینی هاتە پەرلەمان، لەلایەن فراكسیۆنەكانیشەوە چەندین پڕۆژە هەبوون، بۆیە ئێمە چەند لیژنەیەكمان بۆ دروست كردن، ئەوە بوو گەنگەشەی باشی لەسەر كرا و تەواوی پڕۆژەكان كران بە یەك، كە لە هۆڵی پەرلەمان بە كۆی دەنگ پەسەند كرا، بەڵام دواتر بەداخەوە هەڵمەتێكی ناشیرینكردنی پەرلەمانی بە دوادا هات، بە تایبەتی لەسەر ماددەی 3 و ماددەی 8 و ماددەی 10، بۆیە ئێمە دوو كۆبوونەوەی گرینگمان لەسەر پڕۆژەكە كرد، تاوەكوو بتوانین تەوافوقێكی لەسەر دروست بكەین، بەڵام تا ئێستا ئەو تەوافوقە وەك پێویست دروست نەبووە، لایەن هەبوو پێی باش بوو پەلەی لێ بكرێت و پەسەند بكرێت، لایەنیش هەبوو دەیەویست پەلەی لێ نەكرێت، بۆیە نەمانویست ئەزموونی پێشتر دووبارە بكەینەوە، لایەنێك بێت و بیەوێت بۆ بانگەشەی هەڵبژارن بەكاری بێنێت و بێتە بەردەم پەرلەمان دەست بە یەكترناشیرینكردن بكەن، كە هەم خۆیان ناشیرن بكەن و هەم پەرلەمانیش ناشیرین بكەن، بۆیە ئێمە ویستوومانە بە تەوافوق و بە ڕاوێژ لەگەڵ حكوومەت، پڕۆژەكە دەرباز بكەین”.
لەبارەی ئەوەی كە گوایە پارتی و یەكێتی ڕێگە نادەن پڕۆژەیاسای خانەنشینی لە پەرلەمان گەنگەشە و وپەسند بكرێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی: “هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە، پڕوپاگەندەی ئەو لایەنانەیە كە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیكەن، خۆ بینیمان چەندین فڕاكسیۆنی پەرلەمان، لە بەردەم پەرلەماندا گوتیان ئێمە حەز دەكەین دانیشتن ئەنجام بدرێت، تاوەكوو پڕۆژەكە تێپەڕێندرێت، بەڵام ڕاست نەبوو، من ناتوانم هەموو نهێنییەكان بدركێنم، بەڵام ئێمە لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان ویستمان بەرژەوەندیی باڵای هاوڵاتیان بپارێزین و نەهێڵین ئەم پڕۆژەیە بكرێتە پڕوپاگەندە، وەلێ فڕاكسیۆنیش هەبوو پێی باش بوو پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت، فڕاكسیۆنیش هەبوو داوای دەكرد بە تەوافوق پڕۆژەكە تێپەڕێنین، ئەگەرنا با بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانەوە”.