يه‌كێتى ململانێى گۆڕان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردن، بانگەشەی لایەنە ڕكابەرەكان تووند دەبێتەوەو ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار قوباد تاڵەبانی هێرشی كردەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری.
هێرشی حيزبه‌كانى زۆى سه‌وزنيلى بۆسەر یەكتر‌و تەنانەت هەڵدانەوەی “فايل”ی یەكتر شتێكی نوێ نییە، حیزبە ڕكابەرەكانی كوردستان لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ پەنا بۆ زۆر ڕێگای جیاواز دەبەن،خواكوڕك لەزاری كەسانی ئاگادارەوە زانیویەتی یەكێتی‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح “چەندین بەڵگەنامە”یان بۆئەو مەبەستە لەبەردەستدایە.
بەپێی ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو،هێرشی (یەكێتی‌وگۆڕان) بۆسەر يه‌كترى گه‌يشته‌ لوتكه‌ى له‌كه‌داركردنى يه‌كدى، ئێستاش زۆر كەس لە سلێمانی ئەو وێنە گەورەیەیان لەبەرچاوە كە یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان(2014) لە بەردەركی سەرای سلێمانی دژی هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیستی گۆڕان هەڵیواسیبوو.

یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا زۆر بەتووندی هێرشی كردەسەر هەڤاڵ ئەبوبەكر، بە “هەڵەوەڕ” و “كۆنە بەعسی” ناوی برد، بەڵام ئەنجامی هەڵمەتەكەی پێچەوانەبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتی دەست خواكوڕك كەوتووە، ئەو حیزبە دابەشی دووبەرە بووە لەسەر هێرشكردنەسەر بەرهەم ساڵح لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا بۆ پەرلەمانی عێراق(12ى5ى2018)، بەرەیەكیان دژ، بەرەیەكیان لەگەڵ هێرش كردندان.

ئەوانەی لەناو یەكێتی دژی هێرشكردنەسەر بەرهەم ساڵحن دوو جۆرن، جۆرێكیان ئەوانەن كە هاوڕێ‌و هاوسۆزی ناوبراون‌و لە ڕابردوودا ئەوەیان بە ئاشكرا دەرخستووە كە پشتیوانی دەكەن، بەڵام لەناو یەكێتیشدا دەمێننەوە، جۆرەكەی دیكەشیان لەوە تێگەیشتوون ئەگەر هێرشی بكەنەسەر ئەوا بەرهەم ساڵح زیاتر پێی گەورە دەبێت‌و خەڵك لەدەوری كۆدەبنەوە.

وادیارە قوباد تاڵەبانی لەو بەرەیەبێت كە لەگەڵ هێرشكردنەسەر بەرهەم ساڵحن، بەوپێیەی ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار ئەوكارەی كرد، ئەو بەرەیە دیارترینیان مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە كە چەند جارێك هێرشی تووندی كردووەتەسەر بەرهەم ساڵح.

قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەكەی لە هەڵەبجە، ڕووەو بەرهەم ساڵح وتی”زۆر زۆر بەداخەوە تا بارودۆخ باش بوو، تا پارەهەبوو، لەناو یەكێتی بوو سەركردایەتی یەكێتی دەكرد، بەڵام كە بارودۆخ خراپ بوو و تێكچوو، كە پارەكە وای لێهات، جیابووەوە لە یەكێتی‌و ئەمڕۆ ئەو باسی حوكمڕانیمان بۆدەكات، ئەو باسی كەموكورتییەكانی حكومەتمان بۆ دەكات ئەو باسی نەهامەتییەكانی حكومەتمان بۆدەكات.”

هەروەها قوباد تاڵەبانی هێرشی كردەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕووەو شاسوار وتی”دەڵێت دەمەوێت خەڵك وەكو خۆم لێبكەم، خەڵك نازانێت كە ئەم بەڕێزە خۆی 50 ملیۆن دۆلار قەرزارە، ئایا ئێوە دەتانەوێت 50 ملیۆن دۆلار قەرزاربن وەكو ئەم كەسە؟.”

تەنها دوو هەفتەی ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان، ئایا ڕۆژانی داهاتوو حیزبەكان بەتایبەت یەكێتی‌و هاوپەیمانیەكەی بەرهەم ساڵح دەكەونە هەڵدانەوەی “مەلەف”‌و خستنەڕووی “بەڵگەنامە” لەسەر یەكتری؟

Back to top button