به‌رپرسی لقی 5ی پارتی : له‌ دوای ئه‌نجامدانی ڕیفترندۆمه‌وه‌ ده‌نگه‌كانی پارتی زیادی كردووه‌

بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا پێی وایە دوای ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی،ژمارەی دەنگەکانی پارتی لە بەغدا زیاد ده‌كات.

شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند: “ڕەوشی پارتی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر بەرەو پێشەوە چووە، چونکە لە دوای ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی ئەو ڕاستییە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دەرکەوت، ھەر پارتی دیموکراتی کوردستانە لە خەمی ئەواندایە و بەرگری لە مافەکانیان دەکات، لەبەر ئەوە، لە ھەر ناوچەیەکی داگیرکراو، یان ناوچەکانی دیکەی عێراق پارتی لیستی ھەبێت بۆ ھەڵبژاردن ئەوە لیست و کاندیدانی پارتی دەنگی زیاتر بەدەست دێنن.”

به‌رپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: “ژمارەیەکی بەرچاو کورد لە بەغدا ھەن و بەسەر مەزھەب و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا دابەش بوونە، تا ئێستا زیاتر لە ٤٣ کورد خۆیان لەسەر لیستە جیاجیاکانی عێراق کاندید کردووە بۆ پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای بەغدا. لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی٢٠١٠ و ساڵی ٢٠١٤دا کورد لە بەغدا ھاوپەیمانی ھەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانی ھیچ کورسییەک بەدەست بێنن، بەڵام ئەمساڵ کورد ھیچ ھاوپەیمانییەکی نییە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەشداریان کردووە، ئەمساڵ جیاوازییەکی زۆری ھەیە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو.”

شوان محەمەد تەھا گوتیشی : “پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بەشداری لە ھاوپەیمانیی سائیلوندا کردووە و کاندیدێکی ھەیە کە ھاوپەیمانییە لەگەل حزبی شیوعی و تەیاری سەدر و تەجەموعی دیموکراتی و ھەشت پارتی سیاسی تێیدا بەشدارن. ئێمە پێشبینی دەکەین کۆرسییەک لە بەغدا بەدەست بێنین و کاندیدی ئێمە سەر بکەوێت، ئێمە وەک ڕێکخستنەکانی پارتی لە بەغدا کار بۆ سەرخستنی کاندیدەکەمان دەکەین و خەریکی کۆکردنەوەی دەنگین.”

پارتی دیموكراتی كوردستان به ‌لیستی 184 له‌ ژێر دروشمی ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ كوردستان ده‌ستی به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌، كه‌ بڕیاره‌ ١٢ی ئەم مانگە به‌ڕێوه‌ بچێت.

Back to top button