نێچیرڤان بارزانی :کوردستان لە بەغدا پێویستی بە پارێزەرێکی سەرخستنی وەک پارتی هەیە
ئهمرۆ سێ شهممه 1ی ئایاری 2018 نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نێو جەماوەری پارتی لە شەقڵاوە گوتارێکی پێشکەش کرد و لە دەستپێکدا بە شیعرێکی مامۆستا هەژار دەستی پێ کرد، کە باسی سەفین دەکات و باسی لەوە کرد، چۆن مامۆستا هەژار دەڵێ کورد لە مەیدانی خەباتدا چەقیوە و سەفینە، ئەمڕۆیش ئێمە وەک پارتی دەڵێین: “ئێمە لە مەیدانی خەباتدا چەقیوین و سەفینین.”
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند:” دهڕۆژی دیکە وادەی هەڵبژاردنە، بۆیە داوای لە لایەنگرانی پارتی کرد بە گوڕوتینەوە کار بکەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە، پارتی حزبی خەبات و شۆڕش و ئاوەدانییە، حزبی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووە، حزبی یەکەمی کوردستانە و بە حزبی یەکەمی کوردستانیش دەمێنێتەوە.”.
نێچیرفان بارزانی ڕاشیگهیاند: “خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیان دەوێ، وەک خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و سەقامگیری، حزبێکیان دەوێ داکۆکییان لێ بکات، بۆیشیان دەرکەوتووە کە لەگەڵ پارتی هەموو ئەوانە و زیاتریشیان دەبێت، بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەن.”
ههروهها نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیشی دا: “خەڵکی کوردستان دەزانن ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی باشترە و سەقامگیریی زیاتریان بۆ بەرقەرار دەبێت و ئایندەیان باشتر دەبێت. پارتی بۆ پاراستنی دەستەکەوتەکانی کوردستان و مانەوەی قەوارەی دەستووری و کیانی هەرێمی کوردستان و بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ گەنجانی کوردستان دەچێتە بەغدا، نەوەک بۆ شەڕی ململانێی بێمانای سەر تیڤییەکان.”
نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە جەماوەری کوردستان و گوتی: “کوردستان لە بەغدا پێویستی بە پارێزەرێکی سەرخستنی وەک پارتی هەیە کە تەنیا لە پێناو کوردستان خەبات بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان مافەکانی گەلی کوردستان و هەموو پێکهاتە ئیتنی و نەتەوەییەکان دەپارێزێ، پارتی لە هیچ گوشارێک ئامادە نییە سازش لەسەر مافەکانی کوردستان بکات لە هەر شوێنێک.”
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: “ئەوەی بۆ پارتی گرینگە، ئەوەیە چۆن پارێزەری دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بێت، ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی شەهیدان و بە شەونخونیی ئێوەی بەڕێز هاتووە لەو پێناوە ئێمە دەچینە بەغدا، خەڵکانێک بۆ ئەوەی ئێوە سارد بکەنەوە دەڵێن، ئەی پارتی ئەگەر ڕیفراندۆمی کرد بۆچی دەچێتە بەغدا، ئێمە کە ڕیفراندۆممان کرد یەک دروشمان هەبوو کە دەبێ کێشەکان بە دەستوور لە عێراق چارە بکرێن، دەمانەوێ پێیان بڵێین، کە مافە دەستوورییەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێ، دەبێ ئەو دەستەکەوتانە زیاتر بکرێن، ئێمە پێیان دەڵێن، ڕۆژێک پێش و ڕۆژێک دوای ڕیفراندۆم دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین، هەتا دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ هەبێ پارتی هیچ ڕێگەی دیکە ناگرێتە بەر.”
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا دهڵێت: “دەمەوێ لەو ڕۆژەدا لە دامێنی چیای سەفیندا بەو خەڵکە بڵێین، پارتی بڕوای تەواوی بە مافی چارەی خۆنووسین هەیە و لێرە و لە بەغدا و لە جیهان خەباتی بۆ دەکات، پارتی بە پلانەوە دەچێتە بەغدا، بۆ هەرێمی کوردستان گرینگە کە پارتی بە سەنگەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکات.”
لە کۆتایی گوتارەکەدا دهشڵێت: “ئێمە دەمانەوێ هێزەکانی کوردستان لە بەغدا یەکدەنگ بین و ئەگەر کێشەیەکیشمان هەبێ لە کوردستان لە نێو ماڵی خۆمان چارەی بکەین، ئیمە دەمانەوێ پێکەوە لە بەغدا بە هەموو کوردستانییەکانەوە لە بەغدا بەرگری لە کوردستان بکەین.”