شرۆڤەی جەنگی ئەمەریکا و ئێران..هەڵسانەوەی پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین

راپۆرتی شیكاری:تەنیا کوردی
 
“جەنگی ئەمەریکا و ئێران..دەسپێکی جموجۆڵ لە سووریا و عێراق، نەخشەی ترامپ: یان جەنگی سەربازی، یان گەڕانەوە بۆ نەخشەی رەیگن! نەخشەی مەکۆڤسکی و هەڵسانەوەی پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین، شەڕی شیعە و شیعە و هەیکەلی نوێی وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا”.
لەبارەی مەلەفی ئەتۆمی ئێران، بەگوێرەی رێککەوتنی (ئەمەریکا،رووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و چین و ئەلمانیا لەگەڵ ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دەبوو ئێران دەست لە پیتاندنی یۆرانیوم بۆ بواری سەربازی هەڵگرێ، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە نهێنییەکان ئێران بە پێچەوانەوە لە ساڵی ٢٠١٥ رێژەی بەکارهێنانی پیتاندنی یۆرانیومی بۆ بواری سەربازی بەرزرکردووەتەوە بۆ ٢٠%، هەروەها بە گوێرەی پێشبینییەکان تا ساڵی ٢٠٢٣ ئەگەر ڕێ لە ئێران نەگیرێ ئەوا پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ بواری سەربازی دەگاتە ٩٠% ئەمەیش ئەو رێژەیە کە ئێران دەکاتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
جوڵەی ئەمەریکا
یەکەم: مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کێشەی قەتەری چارە کرد و داوایەکی نوێی لە سعوودیا و ئیمارات کرد کە گەمارۆ لەسەر قەتەر هەڵگرن و تەرکیز بخەنە سەر ئێران، قەتەر رازی بووە کە وەک سعوودیە بەشێک لە خەرجیاتی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئەمەریکا بەرانبەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا بدات، هاوکات سعوودیە مەرجێکی هەیە کە قەتەر خەرجیاتی ئەمەریکا لە سووریا بدات. مەغریب یەکێکی دیکەی ئەو وڵاتانەیە کە بە شێوەی یەکلاکەرەوە پێوەندی لەگەڵ ئێران بڕی. سعوودیە و ئیمارات و میسر و ئوردن و کوێت و وڵاتانی دیکەی عەرەبی چواردە خاڵی نهێنیان لەلایەن ئەمەریکا پێدراوە بۆ چۆنیەتی دژایەتیکردنی ئێران کە تەواوی خاڵەکان خۆی لە دروستکردنی هەیکەلێکی عەرەبی یەکگرتوو لە دژی ئێران دەبینێتەوە.
دووەم: ئەمەریکا مەرجێکی نوێی لەسەر ئێران داناوە کە لە ١٢ مانگ دەیخاتە ڕوو، کشانەوەی میلیشیای ئێران لە سووریا و عێراق، هەروەها دەستهەڵگرتن لە تەواوی مووشەکەکانی بالیستی و راگرتنی بەرهەمێنانی ئەو مووشەکانەی کە ئێران دەیەوێ بیخاتە چوارچێوەی مەلەفی ئەتۆمی.
سێیەم: ئەمەریکا بە هاوپەیمانێتیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی دەچێتە جەبهەی دژ بە ئێرانەوە، ئەگەر سەیربکرێ لە سووریادا دۆخی میلیشیای ئێران لەبارنییە، راستە ئێران ١٢ هەزار میلیشیای لە سووریا هەیە، لە بابەتەکانی پێشوو ناوی تەواوی کەتیبەکانی میلیشیاکان و سەرکردەکانیانم هێناوە، بەڵام ئێستا جموجۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەسەر زەویی و فڕۆکەی نەناسراو لە ئاسمان بەرانبەر بە میلیشیاکانی ئێران هەیە، کە گشت لێدانەکان لە مەوقیعی نادیار و فڕۆکەی نەناسراو ئاراستەی ئێران دەکرێن.
چوارەم: ئەمەریکا وەک وەلید فارس کە لە وادەی هەڵبژاردنی ئەمەریکادا راوێژکاری دۆنالد ترامپ بوو، دەڵێ گشت ئاماژەکان لە مەلەفی ئەتۆمی ئێرانەوە بۆ فراوانبوونی بژاردەی جەنگە لە دژی ئێراندا.
شرۆڤەی کورت
ئێران ناتوانێ ئەم دوومەرجەی ئەمەریکا جێبەجێ بکات، بۆیە پەنا دەباتە بەر رووسیا و ئەلمانیا و چین، چونکە فەڕەنسا و ئەمەریکا و بەریتانیا لەگەڵ ئەو دوو مەرجەی ئەمەریکا دان، ئەلمانیایش دواجار هەر لەسەر رێرەوی ئەمەریکایە، بۆیە ئێران دەستدەکات بە مەوجێکی دیکەی تەشویش لە رۆژهەڵاتی ناویندا..چی دەگوزەرێ؟
یەکەم: هاوپەیمانانی ئێران، بە زوویی جەبهەی ئێران چۆڵ دەکەن، سەیرکەن بەریتانیا پشتی لە ئێران کرد، قەتەر پشتی لێ دەکات، ئیمارات و ئوردەن و سعوودیە وئیسرائیل بە نەخشەیەکی پرۆگرامکراو کەوتوونەتە جوڵە و لە یەمەن و سووریادا دەستیان بەتێستی بچوک کردووە کە شەوانە بارەگای ئێران دەکەنە ئامانج.
دووەم: ئێران لە عێراقدا بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە خۆی بەدوور نازانرێ جەبهەیەکی شەڕ بکاتەوە ئەمجارە بە دڵنیایەوە شەڕی شیعە و شیعە پێشبینی کراوە، چونکە هیچ چارەیەکی دیکەی بەدەستەوە نەماوە، شەڕی کورد و کوردی ئەنجام دا، شەڕی سوونەو شیعەی ئەنجام دا، شەڕی کورد و شیعەی ئەنجام دا، ئەمجارە زوومی رووداوەکان دەچنە سەر شەڕی شیعە و شیعە. شیعەیەکی لایەنگری میلیشیای و شیعەیەکی چاو لەدەسەڵات لە دەرەوەی میلیشیای ئێران کە ئینتمای عروبەن، سەیرکەن نێوانی مقتەدا سەدر و مالیکی تا ڕادەی کوشتن لە میلیشیاکانی یەکدی گەرمە، نێوانی کەتیبەکانی هادی عامری لەگەڵ هێزی ژێر فەرمانی عەبادی یەکتری دەڕفێنن، ئێستا ئێران چەند کەسایەتییەکی حزبوڵڵای لوبنانی رەوانەی بەغدا کردووە تا ئەم شەڕە تەشەنە نەکات، بەڵام ئیدی ئەگەر ئەمەریکا دەستی کرد بە سنووردانان بۆ ئێران، ئەوا شەڕی شیعە و شیعە دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە و ئێرانیش ئەو کارە دەکات بۆ ئەوەی ئاگری شەڕ نەگاتە سنووری ئێرانەوە.
سێیەم: لە سووریادا ئێران کەوتووەتە چاڵێکی سیاسی گەورە، رەنگە دەست بۆ سنووری ئیسرائیل ببات لە دوو لاوە، لە بەرەی سووریا، لەبەرەی لوبنان، ئیدی جەبهەیەکی دوو قۆڵی لە دژی ئیسرائیل دەکاتەوە.
چوارەم: لە ئەگەری رازیبوونی ئێران لە مەرجی ئەمەریکا ئەوا ئێرانێکی بچووک دەگەڕێتەوە تاران.
پێنجەم: پێنس کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکایە، دەڵێ ئەمەریکا موفاجەئەیەکی گەورەی لە رۆژهەڵاتی ناوین پێیە بەڵام هێشتا ئارامگرتنی دەوێ.
شەشەم: جۆن بۆڵتن لە یەکەم دەرکەوتنی لەگەڵ لۆبی جولەکە پێیانی گوتووە کە ئێران سنووردار دەکەن.
دەرەنجام
ئێران کەوتە چاڵێکی سیاسی و سەربازی گەورەی ئەمەریکا، لەلایەک ئەمەریکا توانی بەهۆی ئێرانەوە جارێکی دیکە بۆ چەندین ساڵ خۆی لە رۆژهەڵاتی ناویندا جێگیر بکاتەوە، لەو لای تریشەوە ئێران کەوتە بۆسەی سیاسی و سەربازی ئەمەریکا، پێچەوانەکردنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا بە خشتەیەکی زەمەنی دەچێتە جێبەجێ کردنەوە. سەرەتاکەی سووریا دەبێ و ئاگرەکەی لە عێراقدا بە کۆتایی دێ.
 
نەخشەی رەیگن
دۆناڵد ترامپ بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا دەبێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا رووداوێکی سیاسی بخولقێنێ، ئەگەر ئەم خشتەیە جێبەجێنەکرێ واتە خشتەی جەنگ، ئەوا ترامپ پلانی دووەمی جێبەجێکردنی نەخشەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رەیگنە، کە بە جەنگی سارد ئێران بەرێگەی ئابوورییەوە وشک بکات. رەیگن لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە هەشتاکانەوە توانی بە جەنگی سارد رووسیا بچوک بکاتەوە و جەنگی سارد لە رووسیا بباتەوە و رووسیایەکی بچوکی هێشتەوە لە سەردەمی دوای خۆیدا کە تەواوی بەرنامەکانی بە رێگەی ئابووری جێبەجێ کرد لەگەڵ بایەخدان بە دژەکانی رووسیا لە تەواوی جیهاندا وایکرد کە دواجار رووسیا لەبەردەم جیهاندا بچوک بکاتەوە. لە ئێستادا ترامپ وای ئەم سیاسەتی دەستپێکردووە، وڵاتانی عەرەبی کۆکردووەتە بۆ دژایەتی ئێران، بەریتانیا کە پاڵپشتیی ئێران بوو وایکرد پشت لە ئێران بکات. بەم شێوەیە ئێران سنووردار دەبێ بە شێوەیەک کەنەتوانی لەبەر دۆخی خراپی ئابووری دەسەڵاتی بچێتەوە دەرەوەی سنوورەکانی.
دۆناڵد ترامپ لە ئەمەریکادا بە تەواوکەری سیاسەتی سەرۆک (رۆناڵد نیلسن رەیگن) سەیر دەکرێ، ئەم سەرۆکە لە ساڵی ١٩٨١ تا ١٩٨٩ سەرۆکی ئەمەریکا بوو.
رەیگن بە رێگەی کەمکردنەوەی باج لە ئەمەریکا دەستی پێکرد و بە شكستی سیاسه‌ت و قه‌ڵه‌مڕۆییی رووسیا لە جیهان کۆتایی هات، کە ئەمەریکای لە ڕووی ئابوورییەوە بوژاندەوە و جەنگی ساردی لە رووسیا بردەوە، هەروەها توانی نفووزی ئەمەریکا لە هەموو جیهان بەهێز بکات، ئێستا ترامپ دەیەوێ بڵێ من (رەیگن)ی دووەمم کە ئەم کارە دەکەم، چونکە لە یەکەم کاریدا یاسای کەمکردنەوەی باجی لە ئەمەریکادا سەپاند و کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجوومەنی سێنات و هاوسدا، توانییان پڕۆژەیاساکە تێپەڕێنن و کردی بە دەستکەوتێک.
ترامپ لە دووەمکاریشیدا دەڵێ، دەبێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا شكست به‌ سیاسه‌ت و قه‌ڵه‌مڕۆییی ئێران بێنم. ئه‌و نەخشەڕێگای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکای راگەیاندووە کە لە بەشێکدا باسی بەرەنگاربوونەوەی ئێران دەکات لە رۆژهەڵاتی ناویندا بە رێگەی هاوپەیمانانی ئەمەریکا.
 
نەخشەی مایکل مەکۆسڤکی بۆ ترامپ! هەڵسانەوەی پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناویندا
 
مایکل مەکۆسڤکی لە ماوەی رابردوودا نەشخەرێگەیەکی دایە ترامپ، ئێستا لەلایەن جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئەو نەخشەیە بە گرینگ دانراوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێ، بەگوێرەی نەخشەکە پێویستە (دۆناڵد ترامپ) لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەندا، پشتگیری لەو هێزانە بکات کە بەرهەڵستکاری ئێران دەبن و سیستەمی کۆنفیدراڵی و دەوڵەتی نوێیان بۆ دروست بکات، لەبری ئەو سیستەمە شکستخواردووەی کە ئێستا لەو چوار دەوڵەتە هەیە و سنوورەکانیان جارێکی دیکە بۆ دەستنیشان بکرێتەوە.
لە باسی عێراقدا هاتووەتە سەر خاڵێکی گرینگ و نموونەی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا هێناوه‌ته‌وە کە پێویستە لە عێراق پاڵپشتیی سەربازی بوەستێنێ و لە بەرانبەردا پاڵپشتیی پڕچەککردنی دەوڵەتێک بۆ کوردەکان بکات و لە دەستپێکدا رایبگەیێنێ، کە پاڵپشتیی سەربازیی تەواوی هەرێمی کوردستان بکات.
لە سووریا سیستەمی کۆنفیدراڵی بسەپێنێ بۆ عەلەوییەکان، کورد و عەرەبی سوننە. کە لە سووریادا کوردەکان دەکەونە باکووری رۆژهەڵات و عەرەبی سوننە دەکەوێتە دڵی سووریا و عەلەوییەکان کە شیعەن دەکەونە دەشتاییەکانەوە.
لە چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی نێوخۆی ئێرانیشدا دەڵێ، هاوكاریی چالاكیی سیاسی و ڕێكخراوه‌یی به‌رهه‌ڵستكارانی ئێران له‌ نێوخۆی ئه‌و وڵاته‌دا بكرێ، ئه‌و نموونه‌ به‌ بوونی کوردەکان لەوێدا دێنێته‌وه‌ کە پاڵپشتیی رژێمی ئیران ناکەن، هەروەها ئازەربایجانییەکانیش بە هەمان شێوە. بەمشێوەیە ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بەسەر ئێراندا سەرکەوتوو دەبێ. ئەگەر ئەمەریکا بەم شێوەیە بەرەنگاری ئێران نەبێتەوە، دەبینرێ کە ئێران تادێ لە سووریادا بنکەی سەربازی دروست دەکات بۆ ئەوەی بتوانێ لە پاشه‌ڕۆژدا ئیسرائیلی پێ وێران بکات و لە ئێستایشدا بەرەیەکی شەڕی لە دژ ئیسرائیل لە سووریادا کردووەتەوە. لە هەمانکاتیشدا دەبێ ئەمەریکا چاوی لەسەر چەکی ئەتۆمی ئێران بێ، بۆ ئەوەی نەتوانێ ببێتە خاوەنی ئەو چەکە کە دواجار لە دژی ئەمەریکا بە کاری بێنێ.
ئەو لە کۆتاییدا جارێکی دیکە زوومی خستووەتە سەر دابەشکردنی ئەو چوار دەوڵەتە، “دابەشکردنی عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، بە باشترین بژار داناوە کە ئەو چوار دەوڵەتە دابەش بکرێن، بە نموونەیەکی سەرکەوتوویشی ناو دەبات وەک ئەو وڵاتانەی لە دوای یەکەم جەنگی جیهانەوە دابەش بوون، بە نموونە یەکێتیی سۆڤیێت، یۆگسلاڤیا و چیکۆسلۆڤاکیا، هەروەها ئیدارەی بۆسنە و هێرسک کە کۆنفیدراڵییە. بۆیە پێویستە (ترامپ) بەوشێوەیە هێرش بکاتە سەر ئێران، چونکە هەیکەلی سیاسیی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوین لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادا نییە و لە بەرژەوەندیی ئێراندایە.
مایکل ماکۆڤسکی
-ماکۆڤسکی پسپۆڕی ئاساییشی نیشتمانییە لە ئەمەریکا و هاریکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و ئاژانسەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە گەشەکردنی ئەتۆمی ئێرانه‌.
-سەرۆکی پەیمانگای جووەکانە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا.
– لە ئێران، میسر، ئیسرائیل، لوبنان و عێراقدا کەسێکی ناسراوە، بە کەسایەتیی کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکا و بەهێزکردنی ئیسرائیل وه‌سف ده‌كرێ.
دکتۆرای لە مێژووی دیپلۆماسییەت هەیە لە زانکۆی هارڤارد.
Back to top button