كۆمه‌ڵی ئیسلامی دۆخی یه‌كگرتوو خراپه‌و بزوتنه‌وه‌ش خاوه‌نی پێگه‌و جه‌ماوه‌ر نین

كۆمەڵی ئیسلامی شكستی بە هەوڵە بەردەوامەكانی بزوتنەوەو یەكگرتوو هێنا بۆ پێكەوەبوونیان لە یەك لیستدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان،كۆكردنەوەی سەرجەم ئیسلامییەكانی كوردستان لە یەك لیستی پەرلەمانیدا بۆ هەندێك لە ئیسلامییەكان خەونەو كاری بەردەوامی بۆ دەكەن، بەڵام ئەمجارەش خەونەكە نەهاتەدی‌و كۆمەڵ هەوڵەكانی لەبار برد، لەكاتێكدا ئەو لایەنە ئیسلامییانە هیچ كات بەڕادەی ئێستا كۆك‌و تەبا نەبوون لەگەڵ یەكتر.
 
بزوتنەوەو یەكگرتوو كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەك لیستیان هەبوو، دوێنێ لیستێكی هاوبەشیان ڕاگەیاند بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و هاوپەیمانێتییەكیان بەناوی “بەرەو ئیسلاح” لە كۆمسیۆن تۆمار كرد،كۆمەڵی ئیسلامی پێشترو ئێستاش ئامادە نەبوو بچێتەناو هاوپەیمانێتی ئیسلامییەكان‌و یەك لیستی دروست بكات.
 
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ ” خواكوڕك” ی ڕاگه‌یاند:” كاتێك لەناو كۆمەڵدا تاوتوێی یەك لیستیی ئیسلامییەكان كراوە، ڕای زاڵ ئەوەبووە لەم قۆناغەدا نەچنە ناویەوە، چونكه‌ یەكگرتوو لە دۆخێكی باشدا نییە و بزووتنەوەش ئەو پێگەو جەماوەرە بەهێزەی نییە، .”
 
ڕازینەبوونی كۆمەڵ بە چوونەناو لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان، لەكاتێكدایە بزووتنەوەو یەكگرتوو سووربون لەسەر كۆكردنەوەی سەرجەم ئیسلامییەكان لە بەرەیەكدا، بۆئەوەش بەدەر لە كۆمەڵ، گفتوگۆیان لەگەڵ سۆفی‌و سەلەفی‌و گروپ‌و ڕێكخراوە ئیسلامیەكانی دەرەوەی حزبەكاندا كردووە.
 
هەریەكە لە بزوتنەوەو كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامی 17 پەرلەمانتاریان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، بزوتنەوە یەك كورسی، كۆمەڵ 6 كورسی‌و یەكگرتوو خاوەنی 10 كورسییە لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان.
Back to top button