عەبادی: پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ ده‌لێت, نەمگوتووە پابەندی سزاکانی سەر ئێران دەبم

 

دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو میداكانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندووه‌ پابه‌ند ده‌بێت به‌ هه‌موو ئه‌و سزایانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێرانیدا ده‌سه‌پێنێت, ئه‌مڕۆ حەیدەر عەبادی روونکردنەوە لەبارەی لێدوانێکی هەفتەی پێشووتری دەدات و دەڵێت “نەمگوتووە پابەندی سزاکانی سەر ئێران دەبم بەڵکو ئەوەی پێوەی پابەنددەبین بابەتی گواستنەوەی دۆلارە”.

لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ئەم هەفتەیەدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق روونکردنەوەی لەبارەی لێدوانەکەی هەفتەی پێشووتری دا، کە تێیدا گوتبووی “لەگەڵ سزاکانی سەر ئێران نین بەڵام پێیانەوە پابەنددەبین”.

عەبادی گوتی “خاڵێکی جەوهەری هەیە، من نەمگوتووە پابەندی سزاکان دەبم، گوتوومە بەڵێ پێوەی پابەنددەبین، بەڵام بە چییەوە پابەنددەبین، بە بابەتی گواستنەوەی دۆلار پابەنددەبین. خودی کۆماری ئیسلامی ئێران و بانکەکەیان پابەندە بەوەی مامەڵە بە دۆلارەوە نەکات، چونکە ناتوانن. ئێوە دەزانن دۆلار لەڕێگەی بانکی فیدراڵی ئەمریکیەوە دەبێت، بۆیە دەکرێت بانکی فیدراڵی ئەمریکی سزات بدات بەهۆی مامەڵەکردنتەوە بە دۆلار. بەڵێ راستە ئەوە سزای نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو سزای ئەمریکییە، بەڵام دۆلار دۆلاری ئەمریکایە، کاتێک تۆ مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەی پێویستە لە رێگەی بانکی فیدراڵی ئەمریکییەوە بێت”.

عەبادی ئاماژەی گوتیشی “ئەوانی دیکە کە دەیانەوێت بە قاچاخ مامەڵە بە دۆلار بکەن، رەنگە بەم هۆکارەوە زیانیان بەرکەوێت و ئەمەش بابەتێکی دیکەیە. ئێمە چاومان لە بەرژەوەندی وڵاتە، بە قاچاخبردنی دراو لێدانە لە ئابووری عێراق، هیچ کەسێک خوازیاری ئەوە نییە، بۆیە بەو ئاراستە دەڕۆین و هیچ بێڕێزییەک نییە، نە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و نە بۆ گەلی عێراقی، ئەمە خوێندنەوەمانە”.

حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەکرد، نایەوێ پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران تێکبدرێن، بەڵام “راستە هەندێک دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە تێکبدەن”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، سیاسەتی حکومەت کرانەوەیە بەڕووی هەموو دراوسێکانیدا، دەیەوێت هەموو دۆسییە ناکۆکییەکان کۆتاییان پێبێت. گوتیشی “ئەمە ستراتیژیەتی ئێمەیە، دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی عێراق و گەلی عێراقی ئەوەیە بە ئاشتییانە لەگەڵ دراوسێیەکانی بژی. پێویستە بەرژەوەندی هاوبەش هەبێت. ناکرێت کارێک بکەین زیان لە خۆمان بدەین و سوودیشی بۆ بەرامبەرەکەمان نەبێت”.

پێشتر بڕیاربوو عەبادی دوای سەردانەکەی تورکیا، سەردانی ئێرانیش بکات، بەڵام تاران بێئاگایی خۆی لەو سەردانە راگەیاند و دواتر نووسینگەی رۆژنامەڤانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی کاتەوە عەبادی سەردانەکەی ئەنجامنەداوە. بەڵام بەرپرسێکی عێراقی بە ئاژانسی AFPی راگەیاندبوو، سەرەتا ئێران رەزامەندبووە بە سەردانی عەبادی بەڵام دوای لێدوانەکەی لەبارەی پابەندبوون بە سزاکانی سەر ئێران، تاران هەڵوێستی گۆڕاوە و ئامادەنەبووە پێشوازی لێبکات.

سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە و پرسی ئاو لەنێوان تورکیا و عێراق، عەبادی گوتی “وەکدەزانن کێشەی ئاو هەیە، ئەو ئاوەی لە وڵاتانی دراوسێ دێت بەڕادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، پێویستە لەگەڵ ئەو وڵاتانە دابنیشین و رێکبکەوین لەسەر ئەوەی چۆن بەشداربین لە ئاو. ئێمە نامانەوێت زیان بەو وڵاتانە بگات و پێویستە بەهەمان شێوە ئەوانیش زیان بە عێراق نەگەیەنن و ئەمە پێویستی بە لێکتێگەییشتنی گەورە هەیە، بە دڵنیاییەوە کاتێک دەچین تەنیا باسی ئەم بابەتە ناکەین، بەدڵنیاییەوە لایەنی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ ئەو وڵاتانە باسدەکرێت”.

لەبارەی تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق- تورکیا، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسکرابوو، حەیدەر عەبادی گوتی “ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەماوەی دوو دانیشتندا گفتوگۆی کرد لەسەر تووندوتۆڵکردنی سنووری عێراقی- تورکی بەشێوەیەکی دروست لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن. هەڵوێستمان نەگۆڕە، رێگانادەین پەلاماری وڵاتانی دروسێ بدرێت لەنێو خاکی عێراقەوە، دەستووری عێراقی ئەمەی قەدەخەکردووە و رێگەنادات هیچ هێرش و پەلامارێک بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ، لەنێویاندا تورکیا”.

هەر لەبارەی ئەو پرسە، عەبادی جەختیکردەوە “رێگە بە هیچ گرووپێک نادەین لەنێو عێراق رۆڵ بگێڕێت بۆ بێڕێزیکردن بە وڵاتانی دراوسێ، یاخود بە هەر شێوەیەک وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج، بەتایبەتی لەلایەنی سەربازی و ئەمنییەوە. داوامان لە فەرماندەیی سنوور کردووە ژمارەیان زیادبکەن و بەشێوەیەکی دروست سنوور بگرنەدەست، لەپێناوی رێگریکردن لە هەر دزەکردنێک بە هەرشێوەیەک لە شێوەکان، جا لە سنووری باکوور، رۆژئاوا، یاخود رۆژهەڵات، هەروەها پاراستنی ئاسایشی عێراق و دێهاتەکانی و ئەو هاووڵاتیانەی، کە لە نزیک سنوور نیشتەجێن”.

Back to top button