شاندێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی دەچنە بەغدا

 

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌, دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ لەلایەن گوتەبێژی هەردوو حزبەکەوە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا کرا.

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی پڕێسکۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: “گفتوگۆمان لەسەر چەند بابەتێکی هەنوکەیی کرد و وابڕیارە ڕۆژی هەینی شاندی پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سووننەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی پێکهێنانی حکوومەت سەردانی بەغدا بکەن”.

ڕاشیگەیاند: “باسی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردیشمان کرد ئەگەر بکرێت لایەنەکانی دیکەش بەشداربن لەو لیژنە هاوبەشە و ئەو پڕۆژەیەی کە یەکێتی و پارتی ئامادەیان کردووە ڕەزامەندی ئەوانیشی لەسەر بێت یاخود ئەگەر پێویست بێ هەندێ ڕای ئەوانیش لەسەر پڕۆژەکە زیاد بکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە گفتوگۆکردن و دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان کراوە بەتایبەتی ئەو چوار لایەنە سیاسییە کە لە ماوەی ڕابردوودا گازاندەیان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەبوو.

لەلایەن خۆشیەوە سەعدی پیرە گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند کە لەمیانەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی باس لە بابەتی شاری کەرکووک کراوە و جەخت لە ئەوە ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە دەستەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەستبەکاربێت.

Back to top button