بەڤیدیۆ: پەکەکە، ژمارەیەک مێرمنداڵ دەڕفێنێت و چەکداریان دەکات

 دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کەتێیدا دەردەکەوێت پەكەكە (باڵی پژاك)، ژمارەیەك منداڵ و مێرمنداڵ خازاندۆتە نێو ریزەکانی و چەکداری کردوون، ڤیدیۆکە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە بووە مایەی ڕەخنەی چالاكوانانی كوردی رۆژهەڵاتی کوردستاا.

لەو گرتە ڤیدیۆییەی پژاك، كە بۆ بانگەشە و هاندانی منداڵانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان دروست كراوە، تا لە تەمەنی منداڵیەوە بیانخزێننە نێو كاری چەكداری، چەند منداڵ و مێردمنداڵێكی خەڵكی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەردەكەون، كە دووسێ ڕستە لەبارەی پەكەكەوە فێركراون، بەشێوەیەكی منداڵانە و خەڵەتێندراوانە رستەكان دەڵێنەوە، یەكێ لە مێردمنداڵەكان لەبری ناوی ئاپۆ كە نازناوی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكەیە، دەڵێ “بژی سەرۆك ئاكۆ”.

هەروەها بەگوێرەی ئەو كۆمێنت و رەخنانەی لەلایەن چالاكوانانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە پەكەكە گیراوە، یەكێك لە مێردمنداڵانەی لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێ، خاوەن پێداویستی تایبەتە و دەبێ چاودێری بكرێت و خزمەت بكرێت، نەك بخرێتە نێو هێزی چەكداری سەر بەوڵاتانی هەرێمیەوە.

بەگشتی لەمڕۆوە ژمارەیەكی زۆر لە هەژمارەكانی فەیسبووك و تویتەری كوردانی رۆژهەڵات داوای بەدەنگەوەهاتنی كەسوكاری منداڵەكان و حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكەن لە بەرانبەر ئەو پێشێلكارییەی پەكەكە دەرهەق بەمنداڵانی رۆژهەڵاتی كوردستانی دەكات.

هەروەها هۆشداریش دراوە لەوەی پەكەكە كە دۆستێكی نزیكی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، ڕێگەی پێنەدرێ وەكو ئەو هەڵمەتەی لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری كوردستان سەدان منداڵی خەڵكی خزاندووەتە نێو هێزەكانیەوە، هەمان شت بەسەر منداڵانی رۆژهەڵاتیش نەهێنێت

Back to top button