سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی: شاندێك بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌واره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح دروستده‌كات

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی گرێدا له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ پڕسی بە دۆخی عێراق، هەڵبژاردنی كوردستان‌ و داوای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌ و دادپەروەری بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ یەكێتی، تاوتوێكران.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێكه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، قسه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حكوومەتی مەدەنی بۆ كەركووك‌ و ناوچە كوردستانییه‌كانی مادەی (140).راوه‌ هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ پڕسی گه‌ڕنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك, ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ نێو یه‌كێتی تاوتوێكراوه‌.

.

ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌:

راگەیەندراوی رۆژنامەوانی لەسەر كۆبونەوەی
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ئەمڕۆ نیوەڕۆ (13/9/2018) ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) سەبارەت بە (دۆخی عێراق، هەڵبژاردنی كوردستان‌و داوای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ یەكێتی) كۆبونەوەی نائاسایی كرد.

كۆبونەوە، دوا وردەكاری دۆخی عێراق، كۆبونەوەی یەكێتی‌ و پارتی، هەڵبژاردن، پرسی كەركوك، جارێكی تر هەڵسەنگاندەوە. سەرەنجام:

ئاماژەی گۆڕانكاریەكانی لەبۆچونی لایەنەكانی شیعەو سوننە، بۆ دروستكردنی كوتلەی گەورەو چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق‌و جێگرەكانی، بەگۆڕانكاری باش زانی‌و پێی باش بوو، وەفدی هاوبەشی كوردستانی، ئەم گۆڕانكاریانە لەناو بلۆكی فراكسیۆنەكان، بۆ بەشدارییەكی كارا بقۆزێتەوە كە كاندیدێكی شایستە بۆ سەرۆكی كۆماری عێراق‌و سەرۆك وەزیران‌و پاشان، پەسەندكردنی پرۆژەی یەكێتی‌و پارتی، لەسەری رێك بكەوین.

سەبارەت بە سەرەنجامی هەڵبژاردن‌و پرسی كەركوكیش، كۆبونەوە جەختدەكاتەوە كە:

حكومەتی مەدەنی بگەڕێتەوە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی مادەی (140). پیشمەرگەو ئاسایش‌و پۆلیسی ئیتحادی، پێكەوە ئاسایشی كەركوك‌و ناوچەكان بگرنەدەست. ئەمەش، لەروانگەی یەكێتییەوە، بەستراوە بەوەی كە بەپێی شایستەیی دواهەڵبژاردن، پارێزگاری كەركوك هەڵبژێرێ‌. ئەویش تەنها پارێزگاری كاندیدكراوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

بۆ بڕیاری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریش، لەگەڵ یەكێتی دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ یەكگرتنەوە، سەركردایەتی پیشوازی لەم دەستپێشخەرییە كردو، وەفدێكی باڵای بۆ لێكتێگەیشتن‌و سەرەنجام یەكگرتنەوە، پێكهێنا.

بۆ هەڵبژاردنی كوردستانیش، دەستخۆشیی لە دەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەدەروازەی راپەڕین كردو بڕیاریشی دا، بۆ سەرخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەرپرسی سەرجەم ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتی كۆببنەوەو بەرنامەی چۆنیەتی دابەشكردنی تەواوی كادرو ئەندامانی یەكێتی دابڕێژن. دەزگاكانی راگەیاندنی یەكێتیش، بەجۆش‌و خرۆشتر هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەو چالاكی سەرۆكی لیستی (105)و كاندیدە دڵسۆزو مەدەنیخوازەكانی یەكێتی، روماڵ بكەن.

ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
13/9/2018

Back to top button