حەشدی شەعبی بە جڵی پۆلیسی فیدراڵی هەڵیانكوتایە سەر ناحیەیی سەرگەڕان, رێگەنادەن خەلكی كشتوكاڵ بكەن و 81 خێزانی عەرەب هێنراونەتە سەر زەویەكانیان
دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر كەركووك و بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, لە ئێستادا ناوچەكە رووبەرووی تەعریبی بووەوەتەوە لە دواهەمین هەوڵی تەعریبكردنی كوردستان, جووتیارانی گوندەكانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان، رایدەگەیەنن، وێڕای ئەوەی ئاگاداركراونەتەوە زەوییەكانییان ئەمساڵ تۆو نەكەن، ئێستا هێزەكانی پۆلیسی فیدرالی بەڵێننامەشیان پێ پڕ دەكەنەوە.
بە پێی زانیاریەكانی خواكوڕك لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان, حەشدی شەعبی بە جلی پۆلیسی فیدراڵی چوونەتە سەر خەلكی گوندەكانی سنوری ئەو ناحیەیەو ، داوایانكردووە ئەمساڵ زەویەكانیان دانەچێنن, بەڵێننامە پڕبكەنەوە كە لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكانی خۆیان ئەم ساڵ كاری كشتوكاڵیی نەكەن.
یەكێك لە جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕانیش رایگەیاندوە: “ئەمڕۆ داوامان لێكراوە كە ئەو بەڵێننامەیە پڕبكەینەوە و كاری كشتوكاڵیش نەكەین لەسەرزەوییەكانمان، لەكاتێكدا ئێمە زەوی خۆمانە و عەرەبی هاوردە هاتوونەتە شوێنەكە و ئەوان دەیانەوێت كاری كشتوكاڵی بكەن لەسەر زەوییەكانمان، بۆیە ئێمەش ئەمەمان قبوڵ نەكردووە و داوا دەكەین حكوومەتی هەرێم پاڵپشتیمان بكات”.
جووتیارێكی دیكەی سەرگەڕان رایگەیاند، پۆلیسی فیدرالی هەڵیانكوتاوەتە سەریان و تەنانەت دەستییان بەسەر تراكتۆرەكانیشیان داگرتووە، بەڵام ئێستا رۆیشتوون.
ئەو جووتیارە راشیگەیاند، كە پۆلیسی فیدرالی لە هەوڵدایە 81 خێزانی عەرەبی هاوردە بگەڕێننەوە ناوچەكە، كە هیچ مافێكیان نەماوە، ئاگاداریش كراونەتەوە كە دەبێت شوێنی ئەو 81 خێزانە بكرێتەوە و “بە جووتیاریش” ناسێنراون، كە هەموویان عەرەبی هاوردەن و پێشتریش قەرەبووكراونەتەوە.
ئەو جووتیارە نیگەرانی خۆیشی لەوە نیشاندا، ئەوان لەناوچەكە تەواو بێزارن ئەگەر كار وا بڕوات ناچارن ناوچەكە بۆ “عەرەبە هاوردەكان” جێبهێڵن، بەو جۆرەش دووبارە پرۆسەی تەعریبی سەردەمی بەعس، بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە.