مەلا بەختیار : لە ناو یەكێتی بەرەی شەیتان ورەحمان جیابوونەتەوە
لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە چەند مانگێكە مەلا بەختیار بەشداری كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەی نەكردووە وەك ناڕازیەك لە سیاسیەتەكانی حزبەكەی دەر دەكەوێت, لە نوێترین گوتاریدا ڕەخنە لە حزبەكەی دەگرێت و باس لە چەند كێشە و گرفتێك دەكات و دەشڵێ لەنێو یەكێتی هەندێك بڕیار سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەری هەلپەرست و فەیسبوكچی و ئەقڵی هەرزەكارانە.
مەلا بەختیار لە لەسەرەتای گوتارەكەیدا كە بەناونیشانی(گوزەرانی شەهیدان و قەیرانی ئابووری یەكێتی)بڵاویكردووەتەوە ڕەخنەی لە چەند قۆناغێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرتووە و دواتر باسی لە پشتگوێخستنی كەسوكاری شەهیدان لەلای یەكێتییەوە كردووە و چەند پرەنسیپێكی بەنموونە هێناوەتەوە كە لەنێوخۆی یەكێتییدا پێشێل كراون.
لە نموونەی پرەنسیپەكان ناوبراو نووسیویەتی”ئەو یەكێتییەی، هەلپەرستو بازرگانی سیاسەت، شەرم بوو تیایدا جێگایان ببێتەوە،ئەو یەكێتییەی، خزمخزمێنەو عەشرەت عەشرەتێنەو تەریقەتگەرایی، تیا نەبوو” دواتر دەڵێ”مەخابن، هەندێك لەو پرنسیپو رەوشتی بەرزی شۆڕشگێڕییە، پێشێلی بەرژەوەندییە تایبەتیەكان كراون. سەرەنجام، یەكێتی دوچاری كێشمەكێشی زۆر كراو”.
مەلا بەختیار لە گوتارەكەیدا لە باسی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی ڕەخنەی ئەوەی گرتووە كە كە تا ئێستا چارەسەریی ڕیشەیی بۆ كێشەكان نەدۆزراونەتەوە و نووسیویەتی”ململانێو مقۆ مقۆی جۆراوجۆر، لەسەر پێكهاتەی یەكێتی، رابەرایەتیەكەی، ئۆرگانەكانی، مەركەزییەتەكەی، داهاتەكەی، هەڵوێستو هەڵسوكەوتەكانی، بەدەر لە رێڕەوە شەرعیەكەی، دەمێكە كەوتۆتە ناو سەركردەو ئۆرگانەكانی. بەداخەوە، تائێستا چارەسەری نیمچە ریشەییش بۆ ئەو كێشانە، نەدۆزراونەتەوە”.
دەشڵێ لەنێو یەكێتییدا”خەڵكی لیبڕال، لیبڕالتر بوون. دیاردەی دزێو زیاتر بوون. پروپاگەندە تەشەنەی سەندووە. بەرژەوەندی ئەم و ئەو، هەروەها دەستەبازی و لەخۆڕازی، رێگە نادەن كێشەكان چارەسەر بكرێن. راست نییە وابزانرێت، بەكۆبونەوەكردن، یان بەدەركردنی بڕیاری قیروسیا، یان بەپاكتاوكردن، كێشەكان چارەسەر دەكرێن. بەرەی شەیتانو بەرەی رەحمان لەناو یەكێتیدا ساغنەبونەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە “لوتكەی حزبەكەش بێژنگی بەدەستەوە نییە، پاكو پیس بژار بكات. كایەكان، تێكەڵوپێكەڵن، وایلێهاتووە، هەندێك بڕیار، سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەری هەلپەرستو فەیسبوكچیو ئەقڵی هەرزەكارانە، یان بۆ دەستەگەریو لێخوڕینی عەسكەری”.