ژنێكی عه‌ره‌ب به‌هاوكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سێ پیاودا ئه‌نجام ئه‌دات

ژنێكی عەرەب بە هاوكاریی هاوژینه‌كه‌ی فێڵ لە چەند پیاوێكی كورد دەكات، سەرەتا هاوسەرگیرییان لەگەڵ دەكات، دواتر پارە و زێڕ و كەلوپەلەكانیان دەبات و خۆی دەشارێتەوە.

جەننەت عەبدولجەبار، تەمەن ۲٦ ساڵ، دوای مردنی باوكی كه‌ دوكانی جلوبەرگی هەبوو لە بەغداو ساڵی ۲۰۱۰ بە هۆی تەقینەوەیەك ده‌كوژرێت و شەش مانگ دوای كۆچی باوكی ،دایكی شووی كردووه‌ته‌وه‌و بەجێیهێشتین لەگەڵ خوشكەكەی بە تەنیا مانەوە.

دواترجەننەت عەبدولجەبار بۆ ئەوەی لەگەڵ خوشكەكەی نەكەونە سەر شەقام، ناچار بووە شوو بەكه‌سێك بكات كه‌ ناوی ئەحمەد بووه‌و نۆساڵێش له‌خۆی گه‌وتره‌ بووه‌ ،له‌هه‌مانكاتدا (ئه‌حمه‌د) خێزاندارو ژن و منداڵیشی هه‌ بووه‌ ، بەڵام ئامادە بووە خوشكەكەشی بەخێوبكات.

دوای شەش مانگ له‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئەحمەد پێیگوتووە كە ناتوانێ‌ بەخێویان بكات، بەڵام پلانێكی بۆ داناوە، دەڵێت پێیگوتووە ئەگەر جێبەجێی نەكات لێی جیادەبێتەوە. جەننەت بە پلانەكە رازی بووە “پلانەكەش ئەوە بوو بێینە هەرێمی كوردستان و لەڕێگەی هاوسەرگیرییەوە پارە و زێڕ لە پیاوان ببەین، دواتریش خۆمان ون بكەین”.

جەننەت و ئەحمەد دێنە هەولێر، خانوویەك بەكرێ دەگرن. بەهۆی جوانییەكەیەوە هەرزوو دەبێتە جێی سەرنج و لە دووكانێكی فرۆشتنی جلوبەرگی پیاوان كاری دەستدەكەوێ. ئەحمەدیش دەگەڕێتەوە بەغدا. جەننەت دەڵێت: “مانگانە بە ۴۰۰ دۆلار لەو دووكانە كارم دەكرد. پیاوێك بەناوی (س.ع) كە تەمەنی ۳۳ ساڵ بوو، زۆر سەردانی دووكانەكەی دەكرد، زۆر گرنگیم پێدەدا و سەرنجیم راكێشابوو، بۆیە ببووە كڕیارێكی بەردەوامی دووكانەكە. رۆژێك داوای ژمارە تەلەفۆنی لێكردم و منیش پێمدا. شەو تەلەفۆنی بۆ كردم، ئەو لە كۆمپانیایەك بەرپرسی بەشی ژمێریاری بوو، داهاتێكی باشی هەبوو، بەڵام دەیگوت لەبەر ئەوەی عەرەبی، كەسوكارم رازی نابن هاوسەرگیری بكەین”.

جەننەت پلانێك بۆ (س) دادەنێ‌ كە بە دزی كەسوكارەكەیەوە هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، ئەویش قبوڵی دەكات. جەننەت دەڵێت: “(س) شوقەیەكی بەكرێ گرت، شەو تا درەنگ لەلای من دەمایەوە، دواتر دەگەڕایەوە لای خێزانەكەی، لەو ماوەیەدا وامكرد متمانەی تەواوی پێم هەبێت. نزیكەی ۱۷ ملیۆن دیناری لەلای من دانابوو، دوای نزیكەی سێ مانگ، شەوێك ئەحمەد هات، پارە و زێڕەكانمان برد و چووینە دهۆك”.

جەننەت و هاوژینەكەی هەمان فێڵیان لە دهۆك و سلێمانیش بۆ چووەتە سەر. جەننەت دوو جاری دیكەش لە سلێمانی و دهۆك هاوسەرگیری كردووە. لەوانیش پارە و زێڕێكی زۆری بردووە و خۆی لێ شاردوونەتەوە. جەننەت دەڵێت: “بە ترسەوە ئەو كارەمان دەكرد، دڵنیاش بووم رۆژێك دەستگیر دەكرێین، بەڵام ئەحمەد دەیگوت ئەو پیاوانە ناتوانن هیچ بكەن، چونكە بەدزی خێزانەكانیانەوە هاوسەرگیرییان لەگەڵ تۆ كردووە، بۆیە نە دەتوانن لەلای خێزانەكانیان ئاشكرای بكەن، نە دەشتوانن سكاڵا تۆمار بكەن لەترسی خێزانەكانیان”.

جەننەت دوایینجار شووی بە (ج)ی تەمەن ۲۹ ساڵان كردووە لە سلێمانی و خۆی لەویش ونكردووە، لەگەڵ ئەحمەد گەڕاونەتەوە هەولێر بۆ ئەوەی پیاوێكی دیكە بدۆزنەوە و شووی پێبكات، بەڵام لە هەولێر دەستگیركران.

مقەدەم فەخرەدین نووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنكاوە رایگەیاند: “ئەم ئافرەتە لەلایەن مێردەكەیەوە بەكاردەهێنرا. دەیناردە هەرێمی كوردستان و هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوان دەكرد، بەوجۆرە مارەیی و پارە و زێڕ و ماڵی پێدادەنا و دواتر بۆ مێردەكەی دەنارد، تاوەكو ئێستا شووی بە سێ‌ پیاو كردووە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك. قۆڵی هەرسێكیانیشی بڕیوە”.

بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنكاوە دەشڵێت: “ئەو ئافرەتە لە سلێمانی سكاڵای لەسەر تۆماركرابوو، بەڵام توانیمان لە هەولێر خۆی و هاوژینە عەرەبەكەی بدۆزینەوە و دەستگیریان بكەین و رەوانەی سلێمانییان بكەینەوە”.

Back to top button