ئاسایشی یهكێتی مۆڵهتی ۲٤ كاتژمێر دهداته گروپێكی سهربه پهكهكه
ئەمڕۆ سێ شهممه ۲۷ی۱۱ی۲۰۱۸ ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستانی نزیك لە پەكەكەیان دا و پێیان گوتوون كە مۆڵەتی فەرمیان نییە و دەبێ بارەگاكانیان دابخرێت .
تارا حوسێن، ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی راگەیاند: “ئەمڕۆ ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگانی ئێمەیاندا لە شاری سلێمانی، بە بیانووی مۆڵەتی فەرمی داوایان لێكردین بارەگاكانمان چۆڵ بكەین”.
ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی گوتیشی: “ئێستا ھێزەكانی ئاسایش لە دەوری بارەگاكانمان كشانەوە و مۆڵەتی ئەوەیان پێداوین كە لە ماوەی ۲٤ كاتژمێر بارەگاكانمان چۆڵ بكەین”.
تارا حوسێن، ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی دهشڵێت: “بە ھەموو شێوەیەك ئەو داوایە بۆ چۆڵكردنی بارەگاكانمان لە سنووری سلێمانی رەتدەكەینەوە و بارەگاكانمان چۆڵ ناكەین”.
ههروهها محەمەد عەبدوڵڵا، ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی دهڵێت: “بارەگاكانی ئێمە نا یاسایی نین، چونكە پێشتر داوای مۆڵەتمان كردووە و وەڵاممان نەدراوەتەوە، بەڵكو بڕیاری داخستنی بارەگاكانمان یاسایی نییە و سیاسییە”.
محەمەد عەبدوڵڵا ئاشكراشی كردو گوتی: “لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت لە سنووری سلێمانی لە گفتوگۆداین، چونكە بڕیارەكە بەناوی جێگری سەرۆكی حكوومەت دراوە نەك بەناوی مەكتەبی سیاسی حزبێك، بەپێی لێكدانەوەكانی ئێمە ئەو بڕیارە لە ژێر فشارەكانی توركیا دراوە. بارەگاكانمان لە سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق ھیچ كێشەیەكیان نییە و ئەو بڕیارە تەنھا بارەگاكانمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە”.
لای خۆیهوه فایەق گوڵپی، سەرۆکی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی و ھاوسەرۆكی پێشووتری پارتی چارەسەری نزیك لە پەكەكە ڕایگهیاند: “مەبەستی سیاسی لە پشت ئەو بڕیارەوەیە، یەكێتی دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا ئاسایی بكاتەوە، بەمەش دەبێ دژایەتی ئەو ھێزانە بكات كە سەر بە پەكەكەن یان لێی نزیكن. ئەو بڕیارە ئەگەر بڕیارێكی فەرمی حكوومەت بێت، دەبێ وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری تەڤگەری ئازادی بكاتەوە، نەك قوباد تاڵەبانی”.