لە چەمچەماڵ بەهۆی شۆڕتی كارەبا مالێك سوتا سێ منداڵ گیانیان لە دەستدا داكیشیان بریندارە
كاتژمێری هەشتی ئەمشەو لە قەزای چەمچەماڵ بە هۆی شۆڕتی كارەبا مالێك ئاگر گرت لە ئاكامی ئاگرەكە سێ منداڵ سوتان و گیانیان لە دەستدا كە تەمەنیان لە نێوان ساڵێك بۆ پێنج ساڵە و دایكیشیان بریندارە.
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (خواكوڕك) كەوتووە، رایگەیاند كە “كەمێك لەمەوبەر بەهۆی ئاگر كەتنەوەوە لە ماڵێك لە گەڕەكی ئاسوودەی قەزای چەمچەماڵ دایكێك و سێ منداڵ سوتان و بەهۆیەوە منداڵەكان گیانیان لە دەست داوە”.
ئەیوب حەمە غەریب جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ لەوبارەوە وتی: “دایكەكە بریندارە و رەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی كراوە”.
گوتیشی: “تەرمەكانیش بە مەبەستی لیكۆڵینەوەی زیاتر رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراون” .
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ ئاماژەشی بەوەدا كە “دایكی منداڵەكان ناوی سێوە قادر نوری-یە و تەمەنی 23 ساڵە و منداڵەكان ناویان دارین دیار مەجید پێنج ساڵ و كارین دیار مەجید دوو ساڵ و دەروون دیار مەجید یەك ساڵ و نیوە و دایكەكە نزیكەی سەدا 80ی جەستەی سوتاوە”.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی چەمچەماڵ رایگەیاند كە “ئاگرەكە بە هۆی شۆرتی كارەباوە بووە و لە ئێستادا كۆنترۆڵكراوە و هێزە ئەمنیەكان لە شوێنی رووداوەكە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن”.