وەسفی “پێشمەرگە” لەلایەن ترەمپ لە ناو فڕۆكە و ئاراس جەنگی لە ناو پێخەف
یاد سرێشمەیی
هێشتان پێشمەرگە پەنجەیان لەسەر پەڵاپیتكێی چەكەكانیان بوو, داعش ئەگەر لە سنورەكانی كوردستان دورخرابووبنەوە، بەڵام وەك فیكر هێشتان لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكانی ئێستاو تەنانەت لە ناوخۆی كوردستان ئامادەیی هەبوو, لەو كاتەوە بە هۆی خیانەتی گرووپێكی نێو یەكێتی لە 16ـی ئۆكتبەری 2017 كەركووك, ئەو شارەی پێشمەرگە بە هەزاران شەهید و برینداری لە پێناودا لە بەرامبەر بە قاچاغبردنی نەوتی كەركووك و دەستكەوتی ماددی رادەستی سوپای پاسداران و میلیشاو دەست وپێوەندەكانی سەر بە حەشدی شەعبی كرا.
رووداوەكان بە جۆرێك شۆك هێن بوون كە گەلی كورد و خانەوادەی ئەو هەزاران پێشمەرگەیە بە ئاستەم بۆیان باوەڕدەكرا هێشتان لە كوردستان گرووپێك هەبێت لەسەر رەگی چەند بارە بووەوەی بنەماڵەكەی بڕووێتەوەو خیانەت لە خاكی كوردستان و خوێنی شەهیدان بكەن, هەڵبەت بۆ ئەوانیش شۆك هێن بوو كە بە بڕیارێك دەرفەتی بەقاچاغبردنی نەوتیان لەبەردەم ئاوەڵا بكرێت, بۆیە بە تەنیشت خیانەتە نیشتمانیەكەی سەدە, دەستیان بە بزاوتێكی میدیایی بەرفراونكرد دژ بە پیرۆزیەكانی نیشتمان و پیرۆزی پێشمەرگە.
هێشتان نیشتمانپەروەران و قوربانی دەرانی پاراستنی نیشتمان بەدیار خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر بە بێدەنگی مابوونەووە لە شۆكدا دەژیان, ئەندامێكی گرووپی خیانەتكارو بنەماڵەی تاڵەبانی(ئاراس جەنگی) لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی بە بێ گوێدانە ئازارەكانی بنەماڵەی شەهیدان و رەنجی پێشمەرگە گوتی:” پێشمەرگە هیچی نەدەكرد, فڕۆكەكان بۆردوومانی داعشیان دەكرد و پێشمەرگەش سێلفی لەگەڵ لاشەكانیان دەگرت” هەوڵدان بۆ سوك سەرنجدانی رۆلی پێشمەرگە ئەگەر تەواو كەری ئەو خیانەتە نەبوو بێت, هەولێك بوو بۆ لادانی سەرنجی هاونیشتمانیان لە سەر رووداوەكە, لە كاتێكدا ئاراس جەنگی بە درێژی سنورەكانی كوردستان چەندین میحوەری بەرگری هەبوو رۆژێك لە میحوەرێك نەبینرا, ناشزانێت ئەو شوێنانەی پێشمەرگە بەرگری تێدا دەكرد دەكەوێتە كوێی نەخشەی كوردستان.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێك وچەند مانگ بەسەر لێدوانەكەی ئاراس جەنگی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە دوا دەركەوتنی میدیایی رایگەیاند” پێشمەرگە شەڕ كەرو بەرگری كاری ئازان ئێمە هاوكاریان بووین، بەڵام لەسەر زەوی ئەوان ڕووبەڕووی داعش بوونەوە, خۆیان و ئێمەشیان پاراست” ئەم لێدوانەی ترەمپ دەرخەری ئەو راستیەیە كە گرووپی خیانەتكاران لە نێوانیشیاندا ئاراس جەنگی چەند رێز لە قوربانی دەروو ماندوو بوونەكانی پێشمەرگە دەگرن, لێدوانەكەی ترەمپ پاڵپشتە بە زانیاریەكانی نێو فڕۆكەكانی ئەمریكا, بەڵام لێدوانەكەی ئاراس جەنگی لەژێر پێخەفەكەی هاتۆتەدر بە رەمزەكانی وڵات دەڕشێتەوە.