سینه‌ما سالم و کافێ کتێبی غەزەلنووس به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 8ی1ی2019 سینەما سالم لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە داخرا بەبێ هیچ نوسراوێكی فەرمیی‌و ئاشكرا كردنی هۆكارەكەی، بەرپرسانی سینەماكە ئەو كارەیان بە “زەنگێكی مەترسیدار” لە قەڵەمدا و داخستنی سینەماكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیان كەس دژی ئەو كارەی ئاسایش هەڵوێستیان دەربڕی‌و پشتیوانییان بۆ سینەماكە پیشاندا.

هاوكات سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێزەكانی ئاسایشی یه‌كێتی كافێ كتێبی عەزەلنوسیان داخست .

ئەمڕۆ چوار شه‌ممه‌ 9ی1ی2019  بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نیگەرانیی دەربڕی لە داخستنی سینەماكەو داوایكرد سینەماكە بكرێتەوەو كۆتایی بە داخستنی بهێنرێت.

سینه‌ما سالم له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا سوپاسی ئەو كەسانە دەكات كە پشتیوانییان كردوون‌و لەگەڵیاندا بوون، دەڵێت”لە دوێنێوە دژی ”داخستنی سینەما” و ”قەدەغەكردنی فیلم” دەنگمان هەڵبڕیوە”.

لای خۆیه‌وه‌ کافێ کتێبی غەزەلنووس به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و رایگەیاند:”سوپاسی زۆر بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە دوێنێوە لە هەوڵی زۆردان بۆ ئەوەی فەزای قۆرخکراو و دۆخی ئاوارتە جێ نەگرێت و لە جێی خۆیان و بە ئاستی بەرپرسیارێتییان، لەگەڵ ستافی سینەما سالم لە هەوڵی بەردەوامدا بوون و جێیان نەهێشتین”.

ئەوە یەكەمجار نەبوو هێزه‌كانی ئاسایشی یه‌كێتی ڕێگریی لە پەخشكردنی فیلم لەو سینەمایە بكات، پێشتریش ڕێگریی لە پەخشكردنی فیلمێك كرا بەناوی 14ی تەمموز كە بەهەمانشێوە پەیوەندیی بە پەكەكەوە هەبوو، بەڵام دواتر بە هەوڵی وەزارەتی ڕۆشنبیریی فیلمەكە پەخشكرا.

داخستنی سینەما سالم لە سلێمانی كە بە فەرمیی نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی لێنراوە، دوای رێكه‌وتنی یه‌كێتی و توركیا دێت كه‌ یه‌كێتی به‌ڵێنی به‌ توركیا داوه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگری له‌ كارو چالاكی گروپه‌كانی سه‌ربه‌ په‌كه‌كه‌ رابگرێت له‌ شاری سلێمانی ،له‌و چوارچێوەییدا سەرجەم بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی-نزیك لە پەكەكە له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی یه‌كێتییه‌وه‌ داخران .

Back to top button