روسیا باوەڕمان بە كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا نیە
دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاریدا هێزەكانی لە سوریاو رۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە, بڕیارە لە ناكاوەكەی بووە جێ باسی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان, ئەگەر چی بڕیارەكە خراوەتە واری جێبەجێكردن، بەڵام جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی ریابكۆڤ، رایگەیاند، زۆر قورسە مەزندەی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا بە تەواوی لە سووریا بكرێت، بە تایبەتی لەم سەروبەندەدا.
ریابكۆڤ، گوتیشی: لەو بڕوایەدام لە واشنتن هەڵوێستێكی بەهێز هەیە، لای ئەوانەی بڕوایان وایە مانەوەی سەربازی ئەمەریكا لە سووریا یاسایی نییە.
هەروەها گوتی: لەم سەروبەندەدا، كاتێك ئەمەریكا هەوڵدەدات بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا و چاوی بڕیوەتە ئەوەی لە هەموو شوێنێك بوونی هەبێت و كێشەكان بە گوێرەی مەرجی تایبەتی ئەو یەكلا بكرێنەوە، ناتوانرێت مەزندەی ئەوە بكرێت، لە پڕێكدا سووریا بەجێبهێڵێت. لانیكەم من هەرگیز مەزندەی ئەوە ناكەم.
ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، هیچ كاتێك رووسیا و ئەمەریكا پەیوەندییان سەبارەت بە سووریا نەپچڕاوە، بەڵام زۆر جار ئاشكرایان نەكردووە.