وەزیری دەرەوی ئەمەریکا لە ھەولێر لەبارەی توركیا چی گوت؟

لەگەڵ سەردانەکەی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەغدا و هەولێر، وەزیرانی بەرگری رووسیا و تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا و باسی رەوشی سووریایان کرد، سەرەتای ئەم هەفتەیە، تورکیا لێدوانێکی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکای رەتکردەوە کە گوایە تورکیا بەڵێنی داوە چەکدارە کوردەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بپارێزێت.

لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلۆ دوێنی چوار شەممە رایگەیاند، تورکیا لە کردە سەربازییەکانی لە سووریا پاشکەزنابێتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی سنوورەکانی بپارێزیت کە لەلایەن یەپەگەوە هەڕەشەیان بۆ دروستکراوە.

ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش، لێدوانەکانی بۆڵتنی بە  “هەڵەیەکی جددی” لەقەڵەمدا و بە هەموو جۆرێك رەتی کردەوە.

لە سەردانەکەی بۆ شاری هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، پۆمپیۆ لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر قسەی بۆ چەند رۆژنامەنووسێک کردووە و رایگەیاندووە: “رووبەڕووبوونەوەی داعش و ئێران گرنگە و دەبێت هەمووان بەشداری تێدابکەن”.

لەبارەی  ئەوەی ئایا هەڕەشەکانی تورکیا لە کوردەکان، ئەمەریکا لە کشانەوە لە سووریا پەشیمان دەکاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەوە گرنگە کە دەبێت ئێمە هەموو شتێک بکەین تاکو هاوپەیمانەکانمان بپارێزین و ئەردۆغان ئامادەیی بۆ ئەوە دەربڕیوە و لێشی تێدەگات.

پۆمپیۆ دەشڵێت: ئەمەریکا سوورە لەسەر کشانەوەی سوپاکەی لە سووریا بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆداین.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێی وایە: “پێشڤەچوونی زۆر لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نێوان هەولێر و بەغدا بەدەستهاتوون و ئەمەش ئەم ناوچەیە دەباتە شوێنێکی باشتر لەوەی هەبووە”.

تاکو ئێستاش، ئەمەریکا پاراستنی و تورکیا لەناوبردنی هێزەکانی یەپەگە باس دەکەن، بەڵام ئەوەی کامیان لەداهاتوودا دەچێتە سەر هێشتا دیار نییە.

 

سەرچاوە: پێگەی ئەلیکترۆنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، شەرقلئەوسەت.

 

Back to top button