بالیۆزی ئێران لە عێراق قسەكانی ترەمپ هیچ بایەخیان نیە حەتمەن دەبێت ئەمریكا لە عێراق دەربكرێت
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند لە عێراق دەمێننەوە بۆ چاودێری كردنی جموجۆلەكانی ئێران، لێدوانەكەی ترەمپ كاریگەری گەورەی لێكەوتەوە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و دەرەوەشدا بە جۆرێك بالیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق راگەیاند، ئەمەریكا نابێت عێراق بە بنكەی سەربازی خۆی بزانێت.
ئیرەج مەسجیدی، باڵیۆزی ئێران گوتی: ئەوەی تایبەتمەندە بە پرسە ناوخۆییەكانی عێراقەوە تەنھا عێراق خۆیەتی ھەر بۆیە قسەكانی ترەمپ ھیچ بایەخیان نییە, حەتمەن دەبێـ ئەمریكا لە عێراق بچێتەوە دەرەوە.
ھاوكات لایەنە جیاجیاكانی حەشدی شەعبیش داواكارن حكوومەتی عێراق بێدەنگ نەبێت و ھەڵوێستی ھەبێت.
ئیرەج مەسجدی گوتیشی: ھەر كەس باسی ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بكات ئەوە بۆ خۆی گوتوویەتی، چونكە ئەو ھێزانە بەشێكن لە ھێزە چەكدارەكانی دەوڵەتی عێراق و ئیدارەدانی ئەو پرسەش تەنھا دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقە.
نەك تەنیا ئێران، بەڵكو ئەو ھێزانەشی كە ھاوپەیمان و نزیك لە ئێرانن، بە توندی رووبەڕووی ھەڵوێستەكەی ترەمپ بوونەتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەوس خەفاجی، ئەمینداری لیوای ئەبوفەزڵ عەباس، رایگەیاند، ئەو لێدوانەی ترەمپ سوكایەتییە بە ھەموو پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان، ناكرێت عێراق وەك خاڵی چاودێری ئەمریكا لە ناوچەكە تەماشا بكرێت، ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكوومەتی عێراقە و دەبێ ھەڵوێستیان ھەبێت.
ئەم گۆڕانكاریانە لە كاتێكدایە كە تاران بە ھۆی شەڕی داعشەوە توانی جێپێی خۆی لە عێراق بەھێزتربكات و واشنتنیش لە دوای ھاتنەسەركاری ترەمپ ھەوڵی دەرپەڕاندنی ئێران دەدات.