عارف قوربانی: سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتیەكە لەدەرەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی

 

لە دوای هەڵبژاردنەكان ئەگەر چی گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێ‌ بۆ پەرلەمان لە پێی بەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەكان ئەوەی تا ئێستا دیارە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەبێ و “دەدرێ بە كەسێك لە دەرەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی”.

عارف قوربانی، نووسەر و رۆژنامەڤان رایگەیاندووە، یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی یەكلاكردووەتەوە، چونكە پێشتر لە مەكتەبی سیاسی وا یەكلاكراوەتەوە كە قوباد تاڵەبانی سەرپشك بكرێت لە هەڵبژاردنی پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەو هەر كامیانی هەڵبژارد پۆستەكەی دیكەیان بدرێتە كەسێك لە دەرەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی.

هەروەها عارف قوربانی، گوتیشی:” تاڕادەیەكی زۆر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی یەكلابوونەتەوە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی دەبێ و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ كەسێك دەبێ لە دەرەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی، ئەوەش یەكلابووەتەوە و رێواس فایەق بەربژێرە بۆ ئەو پۆستە.

عارف قوربانی، كە رۆژنامەڤانێكی نزیك لە سەركردایەتیی یەكێتییە، دەشڵێت “پێشتر باس لەوە دەكرا قوباد تاڵەبانی بكرێتە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەگەر ئەوە سەریبگرتایە ئەگەری زۆر بوو بێگەرد تاڵەبانی بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان”.

لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی رابردوو، یەكێتی بە بردنەوەی 21 كورسی پەرلەمانی كوردستان، بووە هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. بەوەش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بووەتە بەركەوتەی ئەو حیزبە، كە خوولی پێشوو بە بزووتنەوەی گۆڕان درا.

Back to top button